رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان دەڵێت، چەکدانانی پەکەکە دەستکەوتێکە بۆ تورکیا و لەبەرژەوەندیی کوردیشە. گوتیشی ''پرسی کورد، تەنیا پەکەکە و تیرۆر نییە، بۆیە بە بانگەوازی ئۆجەلان دەست لە مافەکانی خۆیان هەڵناگرن.''
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 05-01-2025) بایرام بۆزیەل، سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە)، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامە نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشیکرد، لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە رایگەیاند ''تاوەکو ئێستا، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) داوای چاوپێکەوتنیان لە ئێمە نەکردووە.''
دوای سەردانیی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، شاندەکە دەستی بە کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان کرد. بایرام بۆزیەل گوتی ''دەبێت بەگشتی لایەنە کوردییەکان لەوە ئاگادار بکرێنەوە، کە ئۆجەلان داوای چی دەکات، پێشنیازی بۆ دەوڵەت چی بووە و وەڵامی دەوڵەتیش چییە.''
دیدارەکە لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 کرا و سێ کاژێری خایاند، دواتر پەیامی ئۆجەلان لەلایەن شاندەکەوە بڵاوکرایەوە. سەرۆکی گشتیی پەسەکە ئاماژەی بەوە کرد، ''لە پەیامەکەدا هیچ شتێکی بەرچاو و کۆنکرێت بۆ پرسی کورد نەخرابووەڕوو، تەنیا شتی گشتیی تێدا باس کراوە.''
بایرام بۆزیەڵ گوتی ''پرسی کورد، پرسێکی جدییە و پەیوەندیی بە دیاریکردنی چارەنووسی 30 ملیۆن کوردەوە هەیە لە تورکیا، هەروەها پرسی هەر چوار پارچەی کوردستانە، بۆیە دەبێت ئەوەی لەگەڵ ئۆجەلان لەو سێ کاژێرەدا باس کراوە، بۆ رای گشتی و لایەنە سیاسییەکان روون بکرێتە و لێی ئاگادار بکرێنەوە.''
تاوەکو ئێستا شاندی دەم پارتی کە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، سرری سورەیائۆندەر و ئەحمەد تورک، سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیایان کردووە.
بایرام بۆزیەل دەڵێت ''بەر لە هەر لایەنێک، دەبێت ئەم بابەتە لەگەڵ لایەنە کوردییەکان باس بکرێت، بۆ ئەوەی کورد بۆچوونێکی هاوبەشیان لا دروست بێت و سیاسەتێکی هاوبەش پەیڕەو بکەن، دواتر بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بەوشێوەیە لەگەڵ دەوڵەت قسە بکرێت.''
بەگوتەی سەرۆکی گشتیی پەسەکە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە شاندی دەم پارتی لەگەڵ لایەنە کوردییەکانیش کۆدەبێتەوە و باسی بۆچوون و پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد و رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمیش هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد "بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت، تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵوەشێندراوەتەوە.''
بایرام بۆزیەل پێیوایە ''باخچەلی و دەوڵەت وا بیر دەکەنەوە لە سووریا بۆشاییەک دروست بووە، رژێمێک تێکچووە، بەتایبەتی ئێرانیش کشاوەتەوە، هیلالی شیعی تێکچووە، هەموو بابەتەکان پێکەوە رێگەخۆشکەرن بۆ ئەوەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان ببێتە خاوەن کیان (ستاتۆ)ـی خۆی.''
وەک سەرۆکی گشتیی پەسەکە ئاماژەی پێدا، ئەگەر کورد لە سووریا ببێتە خاوەنی کیانی خۆی، کاریگەریی لەسەر ئێران و تورکیاش دەبێت، ''دەوڵەت باخچەلی و ئەردۆغان دەیانەوێت رێگری لەم بابەتە بکەن، بۆ ئەم بابەتەش پێویستییان بە ئۆجەلان هەیە.'' گوتیشی، ''بە بۆچوونی باخچەلی و ئەردۆغان، ئۆجەلان دەتوانێت کاریگەری لەسەر لایەنە کوردییەکان لە سووریا هەبێت بۆ ئەوەی چەک دابنێن و تەنانەت بکەونە ژێر کۆنترۆڵی تورکیا، ئەوکات تورکیا دەتوانێت پڕۆسەکە لە بەرژەوەندیی خۆی بەڕێوەببات.''
بایرام بۆزیەل لەبارەی ئامانجەکانی باخچەلی و ئەردۆغان لە پرۆسەی ئاشتی دەڵێت ''گەلی کورد، جارێکی دیکە نایەوێت ئیرادەی خۆی رادەستی تورکیا و هیچ لایەنێکی دیکە بکات. هەندێک زلهێزیش هەن، بەتایبەتی ئەمریکا کە نایەوێت هەژموونی تورکیا، بەتایبەتی لە رۆژئاوای کوردستان زیاد بکات، فەرەنسا و ئەڵمانیا و هێزە نێودەوڵەتییەکانیش دەیانەوێت کورد بگاتە مافی خۆی. بۆیە کورد تەنیا بە بانگەوازی ئۆجەلان رادەستی تورکیا نابن و دەست لە مافەکانی خۆیان هەڵناگرن.''
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، تورکیا بە هاوکاریی چەکدارانی نزیکی لە سووریا، چەندین جار بەبیانووی هەبوونی چەکدارانی پەکەکە لەنێو هێزەکەدا، هێرشی کردووەتەوە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـی زۆرینە کورد، کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری بەدەستەوەیە.
بەگوتەی سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، ئەنجامی پرۆسەی ئاشتی کە بەشێکی تایبەتە بە رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان، ''تەنیا لەبەرژەوەندیی تورکیا نابێت، بەڵکو تورکیاش بۆ هەندێک بابەت نەرمی دەنووێنێت، وەک چۆن پرۆسەی [چارەسەرکردنی پرسی کورد] باشووری کوردستانی قبووڵ نەدەکرد، بەڵام دواتر ناچار بوو دان بە دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستاندا بنێت و لەگەڵی کەوتە دیالۆگەوە، لە کۆتاییدا لە رۆژئاوای کوردستانیش بە ئەگەرێکی زۆرە [دەستکەوتەکانی کورد] قبووڵ بکات، چونکە بابەتەکە لە دەرەوەی ئیرادەی تورکیایە و دەرفەتێکی گەورە بۆ کورد رەخساوە.''
''چەکدانانی پەکەکە لەبەرژەوەندیی کوردە''
لەبارەی ئەگەری چەکدانانی پەکەکە وەکو سەرەکیترین داواکاریی ئەردۆغان و باخچەلی، بایرام بۆزیەل ئاماژەی بەوە کرد، چەکدانانی پەکەکە وەکو دەستکەوتێک بۆ تورکیا هەژمار دەکرێت، بەڵام لەبەرژەوەندیی کوردیشە، ''چونکە هیچ بەرژەوەندییەکی بۆ بزووتنەوەی کورد نەبووە و بەپێچەوانەوە زیانیشی هەبووە.''
وەک سەرۆکی گشتیی پەسەکە دەڵێت، تورکیا لە پڕۆسەی ئاشتیدا تەنیا باس لە ''مەترسیی تیرۆر'' دەکات و پرسی کوردی لەبەرچاو نەگرتووە، ''دەبێت تورکیاش روانینی خۆی بگۆڕێت، پرسی کورد تەنیا پرسی پەکەکە و تیرۆر نییە، بەڵکو پرسێکی رەوایە و پرسی ئازادیی گەلی کوردە.''
سەرۆکی گشتیی پەسەکە پێیوایە ئەگەر پەکەکە چەک دابنێت، ئەو بیانووە لە دەستی تورکیا نامێنێت، کە بزووتنەوەی کورد وەکو ''تیرۆر'' پێناسە بکات ''تەنانەت ئێستا تورکیا، پەکەکە دژی نەیارانی خۆی، ئەمریکا و ئەورووپاش بەکاردەهێنێت.''
بایرام بۆزیەل دەڵێت "بە دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە، نەرمییەک دروست دەبێت، دەنگی پارتە کوردییەکان زیاتر بەرزدەبێتەوە و رێگەی دیالۆگ و دانوستاندن زیاتر دەکرێتەوە، هەروەها چارەسەرکردنی پرسی کورد ئاسانتر دەبێت.''
سەرۆکی گشتیی پەسەکە ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ ئەوەی پەکەکە چەک دابنێت، ''پێویستە تورکیاش بۆ ئازادکردنی زیندانییان، لابردنی گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان، کردنەوەی رێگەی سیاسەتکردن بۆ قەندیل هەنگاو بنێت، هەروەها نەرمی بنووێنێت و زەوینەی دانوستاندن و گفتوگۆکردن خۆش بکات، هەوڵی چارەسەرکردنی پرسی کورد بدات.''
جەختیشی لەوە کردەوە، لە ئەگەری چەکدانەنانی پەکەکە، ''قەندیل زیان دەبینێت و سەنگ و قورسایی ئۆجەلانیش کەم دەبێتەوە، ئەو بۆچوونە کە ئەندامانی پەکەکە ئۆجەلان وەکو سەرۆکی خۆیان قبووڵ دەکەن لاواز دەبێت، ئەوکات ئۆجەلانیش ناتوانێت هیچ رۆڵێک لە پرسی کورددا بگێڕێت''.
وەکو بایرام بۆزیەل ئاماژەی پێدا، قەندیلیش ناتوانێت بابەتی چەکدانان بەبێ چارەسەرکردن بهێڵێتەوە، ''ئێستا زەوینەی مانەوەی پەکەکە لە قەندیل نەماوە، ئێران وەکو پێشوو پاڵپشتیی پەکەکە ناکات، بەڵکو سەرقاڵی کێشەکانی خۆیەتی.''
بەگوتەی سەرۆکی گشتیی پەسەکە، ئەمریکاش وەکو زلهێزێک، دەتوانێت رۆڵێکی ئەرێنی لە چەکدانانی پەکەکەدا هەبێت و دەڵێت ''ئەگەر کورد لە رۆژئاوای کوردستان بگاتە ئامانجەکانی خۆی و پەکەکەش چەک دابنێت، یەکلاییکردنەوەی پرسی کورد لە تورکیا بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ئاسانتر دەبێت، نەوەک تەنیا بۆ ئەمڕۆ و سبەی.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ