رووداو دیجیتاڵ
بەرنامەی ئەمجارەی لەگەڵ رەنج تاوتوێی کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستانی کرد. کەرتی تایبەت دەڵێت، ژمارەی گەشتیاران لە سەری ساڵدا کەمی کردووە و بۆ ئاستی نیوە دابەزیوە. حکومەتیش دیدێکی جیاوازی هەیە.
خاڵی سەرنجی بەرنامەکە تاوتوێکردنی کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران بوو لە پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان. رووداوە ئەمنی و سیاسییەکان، هەروەها کاتی دەوام و قوتابخانەکان وایکردووە هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان کەمببێتەوە.
کۆمپانیا گەشتیارییەکانی بەغدا، لە هەفتەیەکدا دوو جار بە پاسی پڕەوە دێنە هەرێمی کوردستان. بۆ هەر گەشتیارێک بڕی 99 هەزار دیناری عێراقی، بۆ مانەوەی بۆ ماوەی پێنج رۆژ وەردەگرن.
عوسمان قاسم، خاوەن کۆمپانیایەکی گەشتیارییە لە بەغدا، لە رێگەی رووداوەوە داوایکرد لە نشینگەی هەولێر ئاسانکارییان بۆ بکرێت، "خەڵک حەزی لە هەولێرە و کەشەکەی خۆشتر دەردەکەوێت، خەڵک هەست بە غەریبی ناکەن لە هەولێر، پێچەوانەی دهۆک و سلێمانی."
'لە سەری ساڵدا 90٪ـی هۆتێلەکانی دهۆک داخرابوون'
ئیحسان عیسا، سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێل و بنکە گەشتیارییەکانی دهۆک کە یەکێک بوو لە میوانەکانی بەرنامەکە، گوتی: "گەشتیارێکی زۆر نەهاتبووە دهۆک، ئێمە جێگەی حەواندنەوەی 15 هەزار کەسمان هەیە؛ بەڵام ژمارەی گەشتیاران نەگەیشتە دوو هەزار کەس."
لە بەراوردی ساڵی 2024 بە ساڵانی پێشوو، ئیحسان عیسا گوتی، ژمارەی گەشتیاران بۆ 13٪ کەمبووەتەوە و "پێنج ساڵە بەشێوەی پلەبەندی لە دابەزیندایە."
سەرۆکی کۆمەڵەکە لە باسی خراپی دۆخی گەشتیاریی پارێزگەی دهۆک گوتی، لە سەری ساڵ "90٪ـی هۆتێلەکانی دهۆک داخرابوون. ئێمە لەو پارێزگەیە 153 هۆتێل و مۆتێلمان هەیە، دەتوانم بڵێم 140ـیان داخرابوون."
ئەمە لە کاتێکدایە، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "ساڵی پار نزیکەی هەشت ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. پێشبینی دەکەن لە 2025 هەشت ملیۆن تێپەڕێنێت."
بەگوێرەی دەستەکە، لە هەرێمی کوردستان هەزار و 100 شوێنی گەشتیاری هەن. لە ساڵی 2021ـدا چوار ملیۆن و 189 هەزار؛ لە ساڵی 2022 شەش ملیۆن و 350 هەزار و لە ساڵی 2023ـیش حەوت ملیۆن و 279 هەزار گەشتیار روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
ئیحسان عیسا گوتی: "من بڕوا بە رێکلام ناکەم. ئەو ژمارانە هەموو زیاد دەکرێن. پێشبینی دەکرا 40 هەزار گەشتیار بێنە دهۆک، کەچی دوو هەزار کەس سەردانیان کرد. پار گوتیان 56 هەزار گەشتیار چوونەتە دهۆک، کەچی چوار هەزاریشی لێنەبوو. ئەوەی لە راستیدا هەیە، ئەوە نییە کە میدیا باسی دەکات."
ئیحسان عیسا گوتیشی، پێویستە جیاوازی لە نێوان سەردانکار و گەشتیار بکرێت، "ناکرێت من بۆ کار و مامەڵەیەکی یەک کاژێری بچمە شوێنێک و بە گەشتیار هەژمار بکرێم. ژمارەی زۆری گەشتیاران باج و رسووماتی زۆری لەسەر ئێمە زیادکردووە. ئەگەر حەوت ملیۆن گەشتیار لە ساڵێکدا بێتە کوردستان ئێمە هیچ پێویستییەکمان بە نەوت و سێکتەری دیکە نابێت، ئەو ژمارانە راست نین. هەر کەسێک بە زاڵگەکان [خاڵی پشکنین] تێپەڕێت، بە گەشتیار هەژمار دەکرێت."
لەبارەی زیانی دارایی ئەو کەمبوونەوەیە و داخستنی هۆتێلەکان، ئیحسان گوتی: "مانگانە چوار ملیار دینار زیان هەیە. لە کەرتی گەشتوگوزاری دهۆک 13 هەزار کرێکار و کارگوزار کاردەکەن."
'سرووشتی هەرێمی کوردستان لە هۆڵەندا دەوڵەمەندترە'
دکتۆر ئارام عیزەدین، مامۆستا لە بەشی گەشتیاریی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، یەکێکی دیکە بوو لە میوانەکانی رەنج. دکتۆر ئارام کەرتی گەشتیاری بۆ دوو لایەنی "سرووشتی و مرۆیی" پۆلێن کرد و گوتی: "ئێمە دڵخۆشین کە خودا لایەنە سرووشتییەکەی پێ بەخشیوین و زۆر شتمان هەن کە وڵاتانی دیکە نییانە."
ئەو هەروەها بەراوردی سرووشتی وڵاتی هۆڵەندای بە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، لە هۆڵەندا بەردێکی زۆر گەورە هەیە، "هەر کاتێک میوانێکیان بێت تەنیا ئەو بەردەیان هەیە پیشانی بدەن و زۆریش شانازی پێوە دەکەن. بۆیە ئێمە دەبێت زۆر دڵخۆشبین کە ئەو سرووشتەمان هەیە."
لەباسی لایەنە مرۆییەکەش دکتۆر ئارام گوتی: "ئەوەکەی دی کە رووینەداوە و نییە، دەبێت خۆمان دروستیبکەین. ئێمە سوپاسگوزارین لایەنە سرووشتییەکەمان هەیە، بەڵام لایەنە مرۆییەکەمان کەمە."
'رێکلامی پێویست ناکرێت'
کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستانیش لە دەوری مێزی میوانەکان بوو و گوتی: "پێشتر دوو هەزار و 300 پێگەی شوێنەواری هەبوون، ئێستا گەیشتووینەتە شەش هەزار پێگەی شوێنەواری."
کەیفی مستەفا یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیارانی بۆ نەبوونی بازاڕگەری و رێکلامی پێویست، بۆ شوێنە گەشتیاری و شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان گەڕاندەوە. ئەو هەروەها ئاماژەی بەوەدا، پێویستە پەیوەندییەکی زۆر باش لە نێوان کەرتی گەشتیاری و شوێنەواردا هەبێت و ئیدارەیەکی باشیان هەبێت.
لەلایەکی دیکە، هۆشیار دەربەندی، پسپۆڕی گەشتوگوزار گوتی: "ئەوانەی لە بەشی شوێنەوار کاردەکەن لە بە بازاڕکردنی ئەلیکترۆنی زۆر خراپن و رێکلامی پێویست بۆ شوێنەکان ناکرێت. قەڵای هەولێر تاکە شوێنە لە لیستی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بێت، کەچی لەسەر لالش بێدەنگین و لە ئامەدیش مزگەوت [پەرستگە]ی 5,000 ساڵەمان هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ