رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی عێراق داوای سەدان دۆنم زەویی جووتیارانی تۆپزاوای کەرکووک دەکات و سکاڵای لەسەر 26 جووتیار و خاوەن زەویی گەڕەکی تۆپزاوە تۆمارکردووە.
دیلان غەفوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "وەزارەتی بەرگریی عێراق کار بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش دەکات و بەشێک لە ئەفسەرانی سوپای عێراق لە کێشەی زەویوزار، پشتگیریی عەرەب دەکەن، داوامانکردووە لەو ناوچەیە دووربخرێنەوە."
دیلان غەفوور دەڵێت، "پێشتر رێککەوتنی سیاسی هەبووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش، بەڵام هەندێک جار لە خشتەی کاری پەرلەمان لادراوە، یان لەناو پەرلەمان داوای هەموارکردنەوە دەکرێت."
پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس لەبارەی زەویوزار و تایبەت بە گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و لە قۆناخی دەنگدان راگیراوە، بە گوتەی دیلان غەفوور "پێکهاتەی سوننە رێگرە و نایانەوێت دەنگ بەو پڕۆژەیاسایە بدرێت و داوای هەموارکردنی زۆر بڕگە دەکەن کە مەبەستی سەرەکییان رێگریکردنە لە دەنگدان بەو پڕۆژە یاسایە."
ئەو زەوییانەی کە لە کەرکووک کێشەیان لەسەرە، زیاتر لە 300 هەزار دۆنم دەبێت کە زەویی جووتیارانی کورد و تورکمانن، بە بیانووی بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندیی گشتی و بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش، لێیان وەرگیران و دواتر دراون بە عەرەب کە لە خوارووی عێراقەوە هێنراون بۆ کەرکووک.
رۆژی شەممە، 04-01-2025، کەریم شکور و دیلان غەفوور، دوو پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق دژی مامەڵەی خراپ لەگەڵ جووتیارانی کورد، سەردانی لیوای کۆماندۆیان لە داقووق کرد.
لەبارەی ئەو سەردانە، دیلان غەفوور گوتی، "هەر لیوایەک دێتە ئەو ناوچەیە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش جێبەجێ دەکات، لەبەرئەوەی تێگەیشتنیان بەرامبەر بارودۆخی ئەو ناوچەیە نییە، جووتیاری کورد لەسەر زەوییەکەی لادەبەن و بە کۆمەڵێک تۆمەت دەیگرن و زیندانی دەکەن."
دیلان غەفوور دەڵێت، "لەسەردانەکەماندا روونکردنەوەمان لەسەر ئەم بابەتە داوە، گوتوومانە کۆمەڵێک ئەفسەر کە لایەنگریی پێکهاتەی عەرەب دەکەن، دەبێت ئەوانە لەو ناوچەیە نەمێنن، پێویستە کەسانی میانڕەۆ هەبن کە لە بارودۆخی ناوچەکە تێبگەن."
لەدوای ساڵی 2003، بە بڕیاری بریمەر سەرجەم زەوییەکانی وەزارەتی بەرگری خرانەسەر وەزارەتی دارایی، بەڵام دواتر وەزارەتی بەرگری سکاڵایەکی تۆمارکرد و داوای گەڕاندنەوەی زەوییەکانی کرد. دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا ئەو زەوییانە بگەڕێندرێنەوە بۆ وەزارەتی بەرگری، یەکێک لەو شوێنانەی کە وەزارەتی بەرگری داوای دەکات زەوییەکانی تۆپزاوایە لە کەرکووک.
دیلان غەفوور دەڵێت، "بارودۆخی کەرکووک جیاوازە، لەبەرئەوە ئەو زەوییانە لە بنەڕەتدا هی کورد بوون، کەرکووک تووشی گۆڕینی دیموگرافی بووە، پێویستە پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بکرێت."
زیاتر لە 8 مانگە پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی کورد و تورکمان لە کەرکووک کە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا لێیان سەندرابوو، لە پەرلەمانی عێراقە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکان لەسەری رێکنەکەوتوون و دەنگی لەسەر نەدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ