رووداو - سلێمانی
ئەو خانەنشینانەی لە سلێمانی نوێژی بەیانی بەنیازی وەرگرتنی مووچە لە ماڵ دەرچوون، دوای دوو کاژێر لە نوێژی نیوەڕۆ مووچەیان پێدرا؛ تاقەتیان لەبەر بڕاوە و گلەیی دەکەن، داوایان ئەوەیە فەرمانبەر زیاد بکرێت بۆئەوەی زووتر مووچەیان پێبدرێت.
بەهادین هەڵەبجەیی، هونەرمەند گوتی، "دوو ریز نۆرە گیراوە، کە دەگاتە پەنجەرەکە دەبێتەوە یەک ریز، ئەمە هەستدەکەم سووکایەتیکردنە."
خانەنشینێک بەناوی جەمال رەزا بێزاریی خۆی دەربڕی و گوتی، "وەڵا بێزار بووین، نۆرەی زۆرمان گرتووە، هەموومان نەخۆشین، پیر بووین، هێزمان نەماوە."
هەڵاڵە عەزیز، خانەنشینێکی دیکەیە و ئاماژەی بەوە کرد، "نۆرەیەکی دوورودێژ هەیە، هەموو جارێک هەر وایە، ناکرێت، هەموو هیلاک و بێزار بوون."
بانکی تووی مەلیک و بانکی هەڵەبجە، ئەو دوو بانکەی خانەنشین و نیڤیشکانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە مووچەی لێ وەردەگرن، بەیانیی زوو لە پلەی گەرمای نزمەوە نۆرەی دوور و درێژی ژن و پیاو گیراوە، تاوەکو مووچەی دواکەوتووی مانگی 11 وەربگرن، وێنەیەک کە ساڵانێکە هەموو دابەشکردنی مووچەیەک دووبارە دەبێتەوە.
داوای خانەنشینەکان دابەشکردنی مووچە لەکاتی خۆی و نەمانی نۆرەگرتن و قەرەباڵخییە، تاوەکو ئێستا ئەو داوایەیان جێبەجێ نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ