رووداو - کەرکووک
سوپای عێراق سکاڵای لەسەر مام ئەحمەد و مام حەمید تۆمار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی زێدەڕۆییان کردووەتە سەر زەوی و زاری وەزارەتی بەرگری؛ هەردووکیان چوون بریکارنامەیان بۆ پارێزەر کرد بۆئەوەی لە دادگە پارێزگاری لە خۆیان بکەن.
ئەوان پێداگرن لەوەی نەک زێدەڕۆییان نەکردووە، بەڵکو بە بەڵگە و دۆکیۆمێنتی مێژوویی خاوەندارێتیی زەوییەکان دەکەن و ئەوەی زێدەڕۆیی کردووەتە سەریان سوپا و هێزە چەکدارەکانن، چ لە رابردوودا و چ ئێستاش.
ئەحمەد سلێمان، دانیشتووی گوندی تۆپزاوا دەڵێت، "ئەم سکاڵایەیان لەسەر زەوییەکانە، ئێستا دەیانەوێت خانووەکانیشمان لێ زەوت بکەن، نازانم بیر لە چی دەکەنەوە، بەڵام نازانم بۆ کوێ بڕۆین، ئەگەر زەوییەکانمان بڕوات ئیدی بۆ لێرە دابنیشین."
موختاری تۆپزاوا بانگکرایە دادگە و گوتەی لێوەرگیرا، 18 جووتیار و دانیشتووی تۆپزاواش لە فەرمانگەی دادنووسی کەرکووک بریکارنامەیان بۆ پارێزەر کرد تاوەکو کار لەسەر بەرپەرچدانەوەی سکاڵاکە بکات.
هاجەر سدیق، دانیشتووی تۆپزاوا ئاماژە بەوە دەکات، "موڵکی خەڵکی تۆپزاوایە، ئەمە لە سەردەمی باب و باپیرانمانەوە هی کوردی تۆپزاوایە و لەسەری نیشتەجێ بووین."
ئیبراهیم خەلیل، دانیشتووی تۆپزاوا باسی لەوە کرد، "زەوی و زاری خۆمانە، کاتی خۆی کە سەدام داگیری کرد، دووبارە دەیانەوێت لێمان داگیربکەنەوە."
دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە گەڕاندنەوەی زەوی و زارەکان، کە بەناوی وەزارەتی داراییەوە بووە بۆ بەرگری، سوپا بەبێ رەچاوکردنی بڕیاری ماددەی 140 لە کەرکووکیش دەستی بە جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوە کردووە، هەر پارچە زەوییەک لە سەردەمی رژێمی بەعس کە لە جووتیاری کورد و تورکمان سەندراوەتەوە و دراوەتە سوپای ئەوکات، ئێستا ئەم سوپایەش داوای دەکاتەوە.
دیلان غەفوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "دادگەی فیدراڵی ئەو بڕیارەی کە داویەتی، پارێزگای کەرکووکیشی وەکو پارێزگاکانی عێراق پێناسە کردووە، رەچاوی ئەوەی نەکردووە لە کەرکووک گۆڕانکاریی دیمۆگرافی روویداوە، بۆیە ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی پێویستە رەچاوی ئەمەی بکردبایە کە کەرکووک جیاوازە."
لە قۆناخی یەکەمدا سوپای عێراق چاوی بڕیوەتە نزیکەی 100 دۆنم زەوی کە 24 خانووی نیشتەجێبوون و دوو کیڵگەی کشتوکاڵی لەسەرە، جیا لەوەی بەشێکی زەوییەکە شوێنی ئەو سەربازگە کۆنەیە کە لە سەردەمی بەعس بەر لە رەوانەکردنیان بۆ بیابان، ئەنفالکراوانی کوردی تێدا زیندانی کرابوو، ئێستا بەشێکە لە شوێنەواری وارسی ئەنفالکراوان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ