رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک رایدەگەیێنێت، مانگی رابردوو موەلیدەکان 474 کاژێر کارەبایان داوەتە هاونیشتمانیان و بە تێکڕا رۆژانە 15 کاژێر و 28 خولەک کاریان کردووە. دەشڵێت، نزیکەی 20%ی موەلیدەکانی دهۆک بێدەنگن و هەوڵەکانی حکومەت بۆ کارەبای 24 کاژێری پرۆسەکەی خاو کردەوە.
عەبدولخالق محەممەد، ئەندامی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک میوانی پۆدکاستی مژار بوو لە رادیۆی رووداو و گوتی، نرخی ئەمپێر بەگوێرەی کارکردن و خشتەی شوێنەکان دەگۆڕێت، کە بۆ مانگی رابردوو لە 9500 دینار تاوەکو 20 هەزار و 250 دینارە.
نرخەکان بەگوێرەی پرۆگرامێک دیاری دەکرێت، کە لە هەموو کوردستان یەک پرۆگرامە و ژمارەی کاژێرەکان لەگەڵ نرخی گازوایل هەژمار دەکرێت و نرخەکە دیاری دەکرێت.
عەبدولخالق محەممەد دەڵێت، لەنێو سەنتەری پارێزگای دهۆک 384 موەلیدەی ئەهلی هەن، لە 105 شوێنی شارەکەدا هەن و رۆژانە لەکاتی پچڕانی کارەبای نیشتمانیدا موەلیدەکان کارەبا دەدەنە هاونیشتمانییان.
لەبارەی بێدەنگکردنی موەلیدەکان، عەبدولخالق محەممەد گوتی، نزیکەی 20% موەلیدەکان بێدەنگ کراون، بەشێک لە موەلیدەکان بۆئەوەی بێدەنگ بکرێن, پێویستە شوێنەکانیان بگوازرێنەوە، ئەو بابەتەش گرفتە.
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، بڕیارە "پرۆژەی رووناکی" بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری جێبەجێ بکرێت، پڕۆژەکە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 سەرجەم هەرێمی کوردستان رووناک دەکاتەوە.
ئەندامەکەی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک گوتی، هەوڵەکانی حکومەت بۆ کارەبای 24 کاژێریی پریپەید وایکردووە بێدەنگکردنی موەلیدەکان سستر بێت.
پارێزگای دهۆک، رۆژانە نزیکەی 24%ی کارەبای بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستانی بەردەکەوێت، عەبدولخالق دەڵێت، لە چەند شوێن و گەڕەکێکی دهۆک کارەبا کراوەتە 24 کاژێریی پریپەید، ئەوەش وایکردووە کارکردنی موەلیدەکان کاژێرێک زیاتر بێت.
لەبارەی چاودێریکردنی کاری موەلیدەکان، ئەندامەکەی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک گوتی، لە ماوەی مانگی رابردوودا نزیکەی 20 شوێن بەهۆی دووکەڵ و گازی خراپ و پیسی شوێنەکانیان سزادراون.
سەبارەت بە جۆری سزاکە، عەبدولخالق محەممەد گوتی، "ئەو شوێنانەی سەرپێچی دەکەن، پارەکە لە ئەمپێرەکە دەشکێندرێت و پارەکە بۆ هاونیشتمانییانە، واتە ئەگەر بڕی سەرپێچییەکە 1000 دینار بێت و شوێنەکە 2000 ئەمپێری هەبێت، لە هەر ئەمپێرێک 1000 دینار دەشکێندرێت لە بەرژەوەندیی هاونیشتمانییان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ