لە گوندێکی دهۆک ئامادەکردنی خواردنی پرسە قەدەخە دەکرێت

دوێنێ کاژێر 03:35
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی گوندێکی پارێزگای دهۆک رایدەگەیێنێت، بە کۆی دەنگ بڕیاریان داوە دروستکردنی خواردن بۆ پرسە و شیرینی بۆ پرسەی ژنان لەمەودا رابگیرێت، ئامانجیشیان لەو بڕیارە کەمکردنەوەی بارگرانییە لەسەر شانی خاوەن پرسە و کەسوکاری مردوو.
 
رۆژی شەممە دانیشتووانی گوندی ئیتیت لە پارێزگای دهۆک، کە ئێستا بووەتە گەڕەکێک لە شاری دهۆک و دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شارەکە، کۆبوونەوە؛ بە کۆی دەنگی ئەنجوومەنەکە و پیاوماقوڵانی گوندەکە بڕیاریان دا بە قەدەخەکردنی ئامادەکردن و دروستکردنی خواردن بۆ پرسە و قەدەخەکردنی شیرینی لە هۆڵی پرسەی تایبەت بە ژنان، [لە هەندێک شوێن لە رۆژی دووەمی پرسە شیرینی دەدرێتە ئامادەبووانی پرسەکە.]
 
بەرەڤان خورشید، ئەندامی ئەنجوومەنی گوندی ئیتیت بە رادیۆی رووداوی گوت، وەکو ئەنجوومەنی گوندەکەیان کە لە 7 ئەندام و دوو موختار پێکدێت، لەگەڵ بەشێک لە ریشسپی و پیاوماقوڵان و مامۆستای ئایینیی گوندەکە کۆبوونەوە، بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی کەسوکاری مردوو، لەکاتی پرسەدا دروستکردنی خواردن قەدەخە دەکرێت.
 
بەرەڤان خورشید ئاماژەی بەوەش کرد، دروستکردنی خواردن بۆ ماوەی سێ رۆژ بە درێژایی پرسە، بارگرانییەکی زۆر و ناپێویست دەخاتە سەر شانی کەسوکاری مردوو، ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی ئایین و شەریعەتی ئیسلامە، بۆیە پێکەوە بڕیاریان داوە ئەو دیاردەیە نەمێنێت.
 
گوندی ئیتیت، نزیکەی 4000 ماڵی لێیە و بەشی زۆری دانیشتووانەکەی لە عەشیرەتی مزوورین، گەورەترین گوندی مزووریانی دهۆکە.
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی گوندی ئیتیت گوتی، لەمەودوا جگە لە ئاوی خواردنەوە، هیچ خواردنێک ئامادە ناکرێت لەکاتی پرسەدا. داوای لە دانیشتووانی گوند و شوێنەکانی دیکەش کرد، بڕیارێکی هاوشێوەی ئەوان بدەن، بۆئەوەی بارگرانی لەسەر شانی کەسوکاری مردوو کەم ببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێزێکی ئەمریکی و لۆگۆی سێنتکۆم.

سێنتکۆم: سەربازێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کوژرا و دووانی دیکە بریندار بوون

سێنتکۆم دەڵێت، لە هەفتەیەکدا چەندین هێرشیان کردووەتە سەر چەند بنکەیەکی داعش لە عێراق و سووریا، "چەند جارێک داعش وەڵامی هێزەکانیان داوە، لە ئەنجامدا سەربازێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کوژرا و دووانی دیکە لە عێراق بریندار بوون".