رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، شەپۆلێکی بەفر و باران روو لە پارێزگاکە دەکات و بەشی زۆری ناوچەکانی ورمێ دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، پێنجی کانوونی دووەمی 2025، مەهدی سابری، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی بەفر و باران پارێزگاکە دەگرێتەوە و تاوەکو کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت".
سابری ئاماژەی بەوە کرد، "پێشبینی دەکرێت بەهۆی ئەو شەپۆلەوە پلەی گەرما دابەزێت و بەستەڵەک دروست ببێت، لە هەندێک ناوچەش بەهۆی بارانبارینەوە، ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ دروست بێت و مەودای بینین بەهۆی تەمومژەوە کەم ببێتەوە".
بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای ورمێ دەڵێت ئەگەری دروستبوونی لافاو لە بەشێکی پارێزگاکە هەیە. داواشی لە خەڵک کرد لەو ماوەیەدا هەوڵبدەن نەچنە سەر شاخ و شوێنە بەرزەکان و نزیکی رووبارەکان نەبنەوە.
کەشناسیی پارێزگای ئیلامیش رایگەیاند، رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگاکە دەگرێتەوە و پلەی گەرما دادەبەزێت.
بەگوێرەی کەشناسیی پارێزگای سنەش، سبەی دووشەممە شەپۆلێکی بەفر و باران پارێزگاکە دەگرێتەوە تاوەکو هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و شەپۆلەکە هەندێکجار بای بەهێزی لەگەڵ دا دەبێت.
لەبارەی کەشوهەوای کرماشانیش کەشناسیی پارێزگاکە باس لەوە دەکات، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە شەپۆلی بارانبارین و بەفر بەشی زۆری پارێزگاکە دەگرێتەوە، رۆژانی دووشەممە و سێشەممە کارێگەری شەپۆلەکە زیاتر دەبێت.
هاوکات، کەشناسی لوڕستان دەڵێت، رۆژی دووشەممە شەپۆلێکی بەفر و باران بەشی زۆری پارێزگاکە دەگرێتەوە و تاوەکو کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت و پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت. شەپۆلەکە بای بەهێز و هەورە برووسکەشی لەگەڵدا دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ