رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، بڕی ئەو کارەبایەی رۆژانە دەدرێتە هاوبەشان لەنێوان 7 بۆ 10 کاژێردایە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو کۆتایی مانگی شوبات بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی خورمەڵە 500 مێگاوات زیاد دەکات.
رۆژی یەکشەممە (5ـی کانوونی دووەمی 2025) ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە 25ـی کانوونی یەکەمی پارەوە تاوەکو ئەمڕۆ، بڕی پێدانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەگشتی لەنێوان 7 کاژێر بۆ 10 کاژێر بووە و بڕەکەش بەگوێرەی پارێزگاکان دەگۆڕێت."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتیشی "لە هەولێر پێدانی کارەبا لەنێوان 8 بۆ 10 کاژێر بووە، بەڵام لە ناوچە کوێستانییەکان کەمتر بووە. لە سلێمانی لەنێوان 7 بۆ 9 کاژێر و لە دهۆکیش 8 بۆ 9 کاژێر بووە لە شەو و رۆژێکدا، چونکە خواست لەو ناوچانە زیاترە و کارەبا وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی گەرمکەرەوە بەکاردەهێندرێت."
لەبارەی پلانیان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت "تاوەکو کۆتایی مانگی شوبات، بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی خورمەڵە 500 مێگاوات زیاد دەکات."
لە هەرێمی کوردستان 3500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت، لەکاتێکدا پێویستی بە زیاتر لە 6 هەزار و 500 مێگاواتە. ژمارەی هاوبەشانی کارەباش یەک ملیۆن و 900 هەزاری تێپەڕاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ