رووداو دیجیتاڵ
لەسەر سکاڵایەکی وەزارەتی بەرگریی عێراق، 26 جووتیار و خاوەن زەویی گەڕەکی تۆپزاوە دەدرێنە دادگە. جووتیار و خاوەن زەوییەکان دۆسیەیان لەسەر کراوەتەوە و بڕیارە بۆ بەدواداچوونی سکاڵاکە سەرەتا دوو موختار بچنە دادگە.
کێشەی گەڕەکی تۆپزاوە ماوەی ساڵێکە هەر جارە و بەشێوەیەک خۆی دووبارە دەکاتەوە. وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێت، ئەو زەوییانەی ماڵیان لەسەر دروستکراوە بارەگای سەربازین و خاوەندارێتییان بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق دەگەڕێتەوە، بەڵام جووتیاران دەڵێن، بە بەڵگەوە دەیسەلمێنین ئەوان خاوەنی زەوییەکانن و پێشتر بە بڕیاری بەعس دەستیان بەسەردا گیراوە.
جووتیاران: خێوەت هەڵدەدەین و بەرگری لە خۆمان دەکەین
جووتیارانی تۆپزاوە ناڕازین لەو گوشارەی لێیان دەکرێت. ئەوان شەوی هەینی کۆبوونەوە و بڕیاریاندا پارێزەر دابنێن بۆ بەرگری لە خۆیان لەو دۆسیەی دژیان کراوەتەوە و لەنێوان خۆیاندا چەند بڕیارێکیان دا، لەوانە: دانانی دوو پارێزەر بۆ بەرگری لە جووتیاران و خەڵکی تۆپزاوە لەسەر دۆسیەی تۆمارکردنی سکاڵا لە دژیان. هەروەها رێکخستنی خۆپێشاندانی ئاشتییانە و هەڵدانی خێوەتی ناڕەزایەتی.
عەبدوڵڵا محەممەد داود، یەکێک لە جووتیارانی تۆپزاوە بە رووداوی راگەیاند، "چاوەڕێی بڕیاری دادگە دەبین، بەڵام هەر هەنگاوێک دژی جووتیاران و زەویوزارمان وا دەکات ئێمەش بەرگری لە خۆمان بکەین و خێوەت هەڵبدەین.''
نوێنەرەکەی جووتیاران دەڵێت، "وەزارەتی بەرگریی عێراق سکاڵاکەی کردووەتە دوو بەش. ئەو زەوییانەی خانوویان لەسەر دروستکراوە سکاڵای لەسەر تۆمارنەکردوون وەکو بڵێی یەکلایی بوونەتەوە موڵکی خۆیانە. سکاڵاکە لەسەر ئەوانەیە کە زەویی جووتیاری کوردن و لەسەر زەوییەکانیان ماونەتەوە و داوایان دەکات.''
لەبارەی چارەسەری کێشەکان و رۆڵی بەرپرسانی کارگێڕیی کەرکووک، نوێنەرەکەی جووتیاران دەڵێت، "کەس هیچی بۆ نەکردووین. کێشەمان وەک خۆی ماوەتەوە و گوشاری زۆرمان لێ دەکرێت.''
"سکاڵا لەسەر بێوەژن و ژنی خاوەن ماڵ تۆمارکراوە"
سامی غەفوور، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوە بە رووداوی راگەیاند: سکاڵاکە لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان و خاوەن ماڵەکانیش تۆمارکراوە. "وەزارەتی بەرگریی عێراق بە ناڕەوا ئەو زەوییانەی دەستبەسەرداگرتووە و داوای مافی خۆمان دەکەین.''
رووداو پرسیاری لەو هاونیشتمانییە کرد کە بە چ بەڵگەیەک ئەو زەوییانە موڵکی جووتیارانن، ئەو گوتی: "بەڵگە و تاپۆ و هەزاران نووسراو و دۆکیۆمێنتمان هەیە کە لە 1936ـەوە ئەو زەوییانە موڵکی باپیرانی ئێمەن و دەیانەوێت دەستی بەسەردا بگرن.''
سامی غەفوور باس لەوە دەکات، ئەو جووتیار و خاوەن ماڵانەی سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە، زۆربەیان هەر عەرەبی نازانن. "سکاڵایان لەسەر ژنی خاوەن ماڵ، بێوەژن لەنێو ماڵ تۆمارکردووە و دەیانەوێت دەریان بکەن لەسەر زەوی و موڵکی خۆیان."
کێشە لەسەر چوار هەزار و 500 دۆنم زەوی هەیە
ساتع ناسیح، نوێنەری دانیشتووانی تۆپزاوە دەڵێت، "ئەو سکاڵایەی تۆمارکراوە لەسەر 300 دۆنم زەوییە و لەسەر ئەو زەویانە 26 جووتیار دەدرێنە دادگە."
تاوەکو ئێستا کێشەی زەوییەکان لە کەرکووک چارەسەر نەکراوە. لە سەرگەڕان رێگری هەیە لەوەی جووتیاران چاندن لە 5 گوندی خۆیان بکەن و زەوییەکانیان بکێڵن و وەزارەتی بەرگریی عێراق بە نووسراو رێگرییان لێدەکات، هەروەها لە گەڕەکەکانی عەرەفە و نەورۆز دەست بەسەر ماڵی خەڵکدا گیراوە.
لە تۆپزاوە سکاڵا لەسەر 26 جووتیار تۆمارکراوە، لە داقووق 300 هەزار دۆنم زەوی کورد و تورکمان دەستیان بەسەرداگیراوە و سکاڵای جووتیاران یەکلایی نەکراوەتەوە.
هەموو ئەو کێشانە کرانە پڕۆژەیەک و لە پەرلەمان دوو خوێندنەوەیان بۆ کرا و دەنگدانی ماوە، بەڵام سوننەکان رێگرن لەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
پڕۆژەیاساکە یەکێکە لەو پڕۆژەیاسایانەی کورد بێ جیاوازی لەسەری کۆکە، بەڵام دەنگی لەسەر نەدراوە، دەنگدان لەسەری دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس و گەڕانەوەی ئەو موڵکانە بۆ خاوەنەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ