ڤیدیۆ.. گولـلەتۆپێک لەنێو گوندێکی کریستیاننشینی ئامێدی دەکەوێتەخوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی شەڕی سوپای تورکیا و پەکەکە، گولـلەتۆپێک لە گوندی ئێنیشکی لە قەزای ئامێدی کەوتەخوارەوە. هەرچەندە زیانی گیانی لێنەکەوتەوە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێی بۆ هاونیشتمانییانی گوندەکە دروستکردووە.
سەرەتای ڤیدیۆکە دیمەنی کاتی کەوتنەخوارەوەی گولـلە تۆپەکە دەبینن. نەبیل ئێنیشکی، دانیشتووی گوندەکەیە و دەڵێت، "گوندەکە هەموو کاتێک وایە [بۆردوومان و تۆپباران دەکرێت] تەنیا ئەو کێشەیەمان هەیە و بۆمان چارەسەر بکەن. "
گولـلەتۆپەکە لە نزیک ماڵی غەسان کەوتووە، لەو کاتەدا دایک و باوکی لە ماڵ بوون و خۆی لەسەر کار بووە، کاتێک بەهانایانەوە چووە، بینیویەتی کە سەلامەتن و زیانیان بەر نەکەوتووە.
غەسان پیشەی مامۆستایە و دەڵێت، "ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو گوندەکە دروستبوو، ئێمە لە ماڵی خۆمانین و ئاشتیخوازین، هیچ ستەممان لە کەس نەکردووە، مرۆڤ کاتێک لە ماڵەکەی خۆیدا بێت و دەستدرێژی نەکردبێتە سەر کەسی دیکە، بێن شیشێک بە سەریدا بکێشن، ئەوە جێگەی قبووڵ نییە."
گوندی ئێنیشکی نزیکەی 80 ماڵی تێدایە.