کەشناسێک: شەپۆلێکی بارانبارین و بەفر هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات شەوی هەینی بارانی کورت خایەنی بە لێزمە لە پارێزگاکانی دهۆک و کەرکووک و سلێمانی و هەڵەبجەش ببارێت. شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێت، "لە 10ـی ئەم مانگەوە شەپۆلێکی بەفربارین لە هەندێ ناوچە و بارانبارینی چڕ ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە."
 
شەوی پێنجشەممە، 04-01-2024، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کەشوهەوای شەوی رابردوو رایگەیاند، " شەوی پێنجشەممە نمە بارانى بچڕ بچڕ بەردەوام لە پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانى دەبێت و لە دوای نیوە شەو تا بەرەبەیان ئەگەری هەیە نمە باران درێژە بکێشێت و لە ناوچە شاخاوییەکانى دیکەشدا بەردەوام بێت وەکو سەنتەرى پارێزگاى هەولێر و باکوورى پارێزگای سلێمانى، هاوکات بەفر لە سەر لوتکەى شاخە بەرزە سنووریەکانیش دەبارێت." 
 
لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بۆ ئێوارە و درەنگانى شەوى هەینى پێشبینیی بارانى کورت خایەنى بە لێزمە بۆ پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانى و بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانى هەولێر و ناوچەکانى ئیدارەى راپەڕین و کۆیە دەکرێت، هەروەها لە هەولێر و سلێمانى و هەڵەبجە و گەرمیان و کەرکووک  باران دەبارێت."
 
هەروەها بڕی بارانبارینی چەند کاژێری رۆژی پێنجشەممەی داناوە کە بەمشێوەیە بووە:
 
- هەولێر 0.2 ملیمەتر
- پیرمام 0.8 ملیمەتر 
- سلێمانى: دڵۆپ دڵۆپ ملیمەتر  
- دهۆک: 2.2 ملیمەتر 
- زاخۆ: 2.6 ملیمەتر
- ئاکرێ: 1.8 ملیمەتر 
- ئامێدى: 5.4 ملیمەتر
- باتیفا: 4.6 ملیمەتر
- مێرگەسۆر: 4.0 ملیمەتر 
- بامەرنێ: 7.2 ملیمەتر 
- بازیان: 0.2 ملیمەتر
- ماوەت: 0.6 ملیمەتر 
- قەڵادزێ: 0.4 ملیمەتر 
- دووکان: 0.2 ملیمەتر 
- هەڵشۆ: 1.0 ملیمەتر 
- خەبات: 1.2 ملیمەتر
- مانگیش: 3.0 ملیمەتر
- سۆران: 2.0 ملیمەتر 
 
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، شەوی پێنجشەممە، 4-1-2024، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،" جگە لەم بارانبارینەی ئەمشەو [شەوی پێنجشەممە، 04-01-2024] کە تاوەکو رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت، پێشبینی دەکرێت رۆژی 10ـی ئەم مانگە هاوشێوەی شەپۆلی مانگی رابردوو سەپۆلێکی بارانبارینی چڕ سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و بەفرێکی زۆریش دەبارێت و ئەگەرێکی کەم هەیە بەفر لە سەنتەری چەند شارێکی کوردستان ببارێت."
 
ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو شەپۆلە چەند رۆژێک دەخایێنێت و بەردەوام دەبێت و لە چەند کاتێکی دیکەشدا تاوەکو وەرزی بەهار دووبارە شەپۆلی لەو شێوەیە ناوچەکە دەگرێتەوە. هەروەها دەشڵێت، "هێشتا شەپۆلی بارانبارینی دیکەش دەمێنێت، بۆیە بە گشتی ئەم ساڵ بارانی زیاتر لە ساڵی رابردوو دەبارێت."