وردەکاریی گرژییەکانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک و کشانەوەی سوپای عێراق
رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک ناڕەزاییان دەربڕی دوای ئەوەی بینییان سەربازانی سوپا خەریکن هەندێک ماڵی ئەفسەرەکانیان دەهێننە نێو بەشێک لەو خانووانەی چەند رۆژێکە لە گەڕەکی نەورۆز دەستیان بەسەرداگرتووە.
سوپای عێراق خەڵکیان لە ماڵەکانی خۆیان دەرکرد و هەوڵی ئەوەیان دەدا گوشار لەسەر تەواوی دانیشتووانی گەڕەکەکە بکەن کە چەند رۆژێکە چوونەتە سەریان.
هاونیشتمانییەکی گەڕەکی نەورۆز گوتی، "پێیان دەڵێین، بۆ دەچیتە گیانی ئافرەت، سوپا چۆن دەچێتە گیانی ئافرەت کە فەرمانی دادوەریشیان پێنییە."
رووماڵی بەردەوامی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئاڵۆزییەکان بەرپرسانی کوردی لە بەغدا هێنایە دەنگ.
هەریەک لە جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دادی عێراق بە تەلەفۆن قسەیان بۆ رووداو کرد و گوتیان، لە ئاستی باڵا بۆ چارەسەری کێشەکە لەسەر هێڵن.
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاند: تەلەفۆنیان بۆ کردم و لە رووداویش بینیم، لەگەڵ سەرۆکوەزیران قسەم کرد و هەموو ئەم ڤیدیۆیانەم بۆ نارد، باسی ئەو پێشێلکارییانەشم کرد کە قابیلی قبووڵکردن نییە، ئەمە دەستدرێژییەکی گەورەیە لە دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز دەکرێت، لە دوێنێوە من لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری لەسەر هێڵم. ئێستا لەگەڵ وەزیری بەرگری قسەم کرد، دوو خولەک لەمەوپێش داوای لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک کرد کە بکشێنەوە و خۆشم لەگەڵ بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان قسەم کرد.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: لەگەڵ وەزیری بەرگریی عێراق قسەم کرد، بڕیاربوو رۆژی شەممە بەشداریی رێورەسمی 6ـی کانوون بکەین کە تایبەتە بە یادی سوپای عێراق، پێمگوت نە بەشداریی 6ـی کانوون بەشداریی دەکەین و ئەگەر ئەو هێزەش لەوێ بمێنێت راگەیێندراو لە دژی وەزارەتەکەتان دەردەکەین.
دواجار سوپای عێراق لەژێر گوشار کشانەوە، بەڵام حەوت خانووی گەڕەکی نەورۆز کە سوپا دەستی بەسەرداگرتبوون رادەستی پۆلیس کران.
فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک هاتە گەڕەکەکە و دڵنیایی دایە خەڵکەکە، پۆلیس لەو خانووانە دەبێت تاوەکو دۆسیەکە لە رێگەی یاساوە یەکلادەبێتەوە.
لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی گوت، "بەشێوەیەکی سەرەتایی کێشەکە کۆتایی پێهاتووە، ئەو سێ بۆ چوار خانووە رادەستی بەهێزەکانی پۆلیس دەکرێن تاوەکو لە رێگەی یاساییەوە چارەسەر دەکرێت."
لە ساڵی 2003 لە گەڕەکی نەورۆز 122 خانووی تێدابوو کە 172 ماڵی کوردی تێدا نیشتەجێن، زەوی خانووەکان بێ تاپۆن، لەکاتێکدا پێش ئەو کاتە بەعس رادەستی بەرپرسانی خۆی کردبوون، بەڵام هاوشێوەی تەواوی خانووە بێ تاپۆکان بڕیاری 320ـی ساڵی 2022ـی ئەنجوومەنی وەزیران دەیانگرێتەوە کە تاپۆ بکرێن لەسەر ئەو کەسانەی تێیدا نیشتەجێن.