کشتوکاڵی شارباژێڕ: بەراز لە کوردستان زۆر بووە و بە رەوە پەلاماری کێڵگەکان دەدەن

05-01-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی زۆربوونی بەرازەوە، بەتایبەت لە دەوروبەری گوندەکاندا، زیان بە بەرهەمی جووتیارانی ناوچەکە گەیشتووە و دەشڵێت، "بە رەوە پەلاماری کێڵگەکان دەدەن."
 
رۆژی پێنجشەممە 05-01-2023، ئیبراهیم مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارباژێر لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ماوەی چەند ساڵێکە ژمارەی بەراز لە ناوچەکەمان و هەموو هەرێمی کوردستان زۆر بووە، چونکە ناکوژرێن و ئاژەڵی دڕندەی وەکو شێر و پڵنگ و گورگیش زۆر کەمن، ئەوەش وایکردووە زۆر جار بە رەوە ببیندرێن و دەچنە نێو کێڵگە کشتوکاڵییەکان و زیان بە بەروبوومەکانی جووتیاران دەگەیێنن و پیسیشیان دەکەن."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارباژێر بەرازەکان بە رەوە دەگەڕێن و 15 یان 20 بەراز پێکەوە دەچنە نێو کێڵگەکان. ئیبراهیم مستەفا پێیوایە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە زەحمەتە، بەتایبەت بەراز زوو زاوزێ دەکات و لە هەر جارێکیش شەش بۆ حەوت بێچووی دەبێت.
 
بەرازەکان هەندێکجار لەلایەن راوچییەکانەوە راو دەکرێن، ئەویش بە مەبەستی فرۆشتن یان لەنێوبردنیان بۆئەوەی زیان بە کێڵگەکان نەگەیێنن، بەڵام ئەمە رێکخراوەکانی پاراستنی مافی ئاژەڵانی نیگەران کردووە.
 
بەختیار خالید، سەرۆکی رێکخراوی داکۆکی لە مافەکانی ئاژەڵان دەڵێت، "دەڵێن بەراز زۆر بووە، بەڵام هیچ ئامارێک نییە، هیچ توێژینەوەیەکی ورد لەبارەی ژمارەیانەوە نییە، بەراز لەگەڵ ئەوەشی کە دەگوترێت زۆر بوون، بەڵام هێشتا راو دەکرێت، بەگشتیش زیان بە کێڵگەکان، بەتایبەت رەز و باخەکان، دەگەیێنێت و چارەسەرکردنی ئەو زیانانەشی ناکرێت، بەتایبەت کە کێڵگەکان شورایان نییە."
 
چەند گوند و ناوچەیەکیش هەن ناوی بەرازیان هەڵگرتووە لەوانە، گوندی بەرازان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دەشتی بەرازگر لە سنووری سیدەکانی پارێزگای هەولێر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە