شەپۆلێکی بەفربارین رۆژهەڵات، باکوور و باشووری کوردستانی گرتووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

شەپۆلێکی بەفربارین باشوور، رۆژهەڵات و باکووری کوردستانی گرتووەتەوە. لە سلێمانی ژمارەیەک لە خەڵک چوونە چیای گۆیژە و شەڕەبەفریان کرد. لە ورمێ، سنە، کرماشان و لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەفر باری. لە ئەرزڕومی باکووری کوردستانیش بەفرێکی باش باریوە و ناوەندی خلیسکێنەی پاڵاندۆکانی لێیە کە بەناوبانگە لەسەر ئاستی تورکیا و ئامادەکاری دەکرێت بۆ پێشوازیکردن لە ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری زستانە.
 
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، بەفربارین کە لە ئێوارەی چوارشەممە 04-01-2023وە لە ناوچە شاخاوییەکان، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیپێکردووە، تاوەکو رۆژی شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
 
هەروەها لە شەوی رابردووەوە بەفربارین لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان و لوڕستان-ی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە.
 
ئەمە یەکەم بەفری ئەمساڵە بەو رێژەیە ببارێت؛ کەشناسیی ئەو پارێزگایانەی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشبینی دەکات بەفربارین تاوەکو رۆژی هەینی بەردەوام بێت.
 
لە کرماشان بەفربارین زیاتر ناوچەکانی داڵاهۆ و سەرپێڵی زەهاوی لە باشوور و رۆژئاوای پارێزگاکە گرتووەتەوە. لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی پارێزگای لوڕستانیش بەفربارین لە شەوی رابردووەوە دەستی پێکردووە.
 
لە هەندێک ناوچەی باکووری کوردستانیش بەفر باریوە، بەشێوەیەک لە ناوەندی خلیسکێنەی پاڵاندۆکان لە ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان هێندە بەفر باریوە کە کارمەندانی تەلەفریکی بەرزاییەکانی ئەرزەڕۆم ئامادەکاری دەکەن بۆ هاتنی گەشتیاران لە وەرزی بەفردا.
 
لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی پارەوە شەپۆلی بەفربارین رووی لە باکووری کوردستان کردووە، تەنانەت لە هەندێک شوێن  بەفر چەند مەترێک کەڵەکە بووە و لە پارێزگاکانی قەرس و ئەردەخان پلەکانی گەرما گەیشتوونەتە 11 پلەی ژێر سفری سەدی.