پۆلیسی گەرمیان کەسێک بە تۆمەتی دزینی پارەی تووشبووانی شێرپەنجە و نۆڕینگەی پزیشکی دەستگیردەکات


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، دوای سکاڵای خاوەنی نۆرینگەیەکی پزیشکی لە بازاڕی قەزای کەلار کە لە 02-01-2023 دزی لە نۆرینگەکەی کرابوو، پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان ئەمڕۆ پێنجشەممە توانییان لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە تۆمەتبار بناسنەوە و دەستگیری بکەن.
 
موقەدەم عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان گوتی، "دوای لێکۆڵینەوە، تۆمەتبار دانی بەوەدا ناوە کە بڕی شەش ملیون دیناری لە نۆرینگەکە دزیوە، هەروەها لە چوار نۆرینگە و تاقیگەی دیکە لە گەڕەکەکانی سیروان، شەهیدان و فەرمانبەران دزیکردووە".
 
بە گوتەی گوتەبێژەکەی پۆلیسی گەرمیان، تۆمەتبارەکە دانی بەوەشدا ناوە کە "تەنانەت پارەی نێو سندووقی هاوکاریی نەخۆشخانەی هیواشی دزیوە کە تایبەتە بە نەخۆشانی شێرپەنجە".
 
موقەدەم عەلی جەمال قدووری ئاماژە بەوە دەکات، تۆمەتبار بۆ شاردنەوەی خۆی لە کامێراکان، قژی دەستکردی بەکارهێناوە و بە چەند جۆرێک شێوەی خۆی گۆڕیوە و پێشتریش بە تۆمەتی دزیکردن سێ ساڵ زیندانی کراوە.
 
تۆمەتبارەکە دانیشتووی ناحیەی رزگارییە لە سنووری قەزای کەلار و لەدایکبووی 1977ـە، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 446 بەندکراوە.