پاسەوانی سنوور: ئەو 75 هەزار دینارەی لە مووچەی مانگی 12 بڕابوو دەگەڕێندرێتەوە

05-01-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لە مووچەی مانگی 12ی هەر سەربازێکی پاسەوانی سنوور، بەوانەی هەرێمی کوردستانیشەوە، بڕی 75 هەزار دینار بڕاوە، داوا لە وەزیری ناوخۆ دەکات پارەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە. گوتەبێژی ناوچەی 1ی پاسەوانی سنووری عێراقیش دەڵێت، "ئەو پارەیە لە وەزارەتی دارایی عێراق و بە رەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆ بڕاوە و لەگەڵ پەسندکردنی بودجەی 2023 دەگەڕێندرێتەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە 05-01-2023، عەقید کاروان خۆشناو، گوتەبێژی ناوچەی 1ی پاسەوانی سنووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای ئەوەی بەهۆی خەرجکردنی پارەوە کورتهێنان هەبوو لە بودجەکەمان، وەزارەتی دارایی داوای ئەو پارەیەی کردبوو و بڕیاری دابوو لە بودجەکە ببڕێت، بەڵام دوای وەرگرتنی رەزامەندیی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی ناوخۆ بۆئەوەی کێشە بۆ مووچەی مانگی 12ی پاسەوانی سنوور دروستنەبێت، بڕیاردرا هەر کارمەندێکی پاسەوانی سنوور بڕی 75 هەزار دیناری لێ ببڕدریت بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە، ئەمە لەلایەن ئێمەوە نەکراوە، هەمووی لە بەغداوە کراوە، ئەگەر ئەوە نەکرابا ئەوا مووچەی مانگی 1ی پاسەوانانی سنوور نەدەدرا."
 
عەقید کاروان خۆشناو رەتیکردەوە ئەو 75 هەزار دینارە بفەوتێت و گوتی، "ئەو 75 هەزار دینارە لەدوای پەسندکردنی بودجەی ساڵی 2023ی عێراق دەخرێتە سەر مووچەی مانگێک و دەگەڕێتەوە، واتە ئەو پارەی بڕاوە دەدرێتەوە."
 
رۆژی چوارشەممە 04-01-2023، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نووسراوێکی خۆی بڵاوکردەوە و ئاراستەی وەزیری ناوخۆی عێراقی کردبوو، تێیدا داوا دەکات ئەو پارەیە بگەڕێندرێتەوە و دەڵێت، "9468 پاسەوانی سنوور یەک 75 هەزار دینار دەرماڵەی مەترسیی مانگی 12ی ساڵی 2022یان لێبڕابوو کە بڕەکەی 710 ملیۆن دینارە، پاش بەدواداچوون بڕیارە ئەو پارەیان بۆ بگەڕێتەوە کە بەهۆی کورتهێنانەوە لێیان بڕیبوون."
 
بەپێی نووسراوی ژمارە 8/18/8 کە رۆژی 04-01-2023 لەلایەن فەرماندەیی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەکەوە و بە واژۆی فەرماندەکەی "حەمادە فازڵ هادی دزەیی"ەوە واژۆ کراوە و بۆ فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ناردووە دەڵێت، "رەزامەندی بفەرموون بە دەسەڵاتی خەرجکردن و زیادکردنی بڕی 710 ملیۆن و 100 هەزار دینار کە لە دەرماڵەی مەترسیی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2022ەوە بۆ بارەگای سەرکردایەتییەکەمان و یەکەکانی سەر بە ئێمە، ئەوەش بەهۆی کورتهێنان لە بودجەی مانگی 12/1ـی ساڵی دارایی 2021."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و داودئۆغڵو لە دهۆک لە 22-11-2024.

ئەحمەد داودئۆغڵو پەسنی هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی دەدات

ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە کە پێشتر وەزیری دەرەوە و سەرۆکوەزیرانی تورکیا بووە، رۆژی یەکشەممە 24-11-2024 لە نووسینێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ستایشی سەرۆک بارزانی کرد.