حکومەت زیاتر لە ملیارێک دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی 11 بەنداو تەرخان دەکات

05-01-2022
ئەکرەم فەرەج
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەو شەپۆلە بەفر و بارانبارینەی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دەربەندیخان و دووکان بەرزبوونەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش یەک ملیار و 250 ملیۆن و 250 هەزار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی 11 بەنداو تەرخان دەکات.
 
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، 40 سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بەرزکردووەتەوە و سەرچاوەی ئاوەکەش تەنیا بارانبارینی ناوخۆ بووە و ئێران هیچ بڕە ئاوێکی بەرنەداوەتەوە.
 
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان گوتیشی، بۆ پارێزگاری لە ئاستی ئاوی بەنداوەکە، ئێستا بڕی بەردانەوەی ئاویان کەمکردووەتەوە و رۆژانە تەنیا 22 مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکەوە بەردەدەنەوە.
 
هاوکات، کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان بە رووداوی راگەیاند، ئێستا 18 سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوەکە بەرزبووەتەوە و چاوەڕێ دەکەن لەگەڵ بارانبارینی زیاتر ئاستی ئاوەکەی زیاتر بەرزببێتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر داواکاریی ئەو وەزارەتە و لە چوارچێوەی گرنگیدان بە تەواوکردن و نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکان و پڕۆژە ئاودێرییەکان، بڕی  یەک ملیار و 250 ملیۆن و 250 هەزار دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەی 11 تەرخانکردووە.
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەنداوەکان بریتین لە: بەنداوی شیوە سوور، هەشه زینێ و چەمی سمۆرە لە پارێزگای سلێمانی، بەنداوەکانی کەشکان و بێدۆهێ لە پارێزگای دهۆک هاوکات بەنداوەکانی هاڕاوە، قادرکەرەم و ئاوەسپی لە ئیدارەی گەرمیان و بەنداوی دێگڵە لە پارێزگای هەولێر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە