نەخۆشییەکی ڤایرۆسی لە گوندێکی بەردەڕەش 185 سەر مەڕ و بەرخ دەکوژێت

 
رووداو - بەردەڕەش

نەخۆشیی خوران کە نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە لە بەردەڕەش بڵاوبووەتەوە و لە ماوەی نزیکەی مانگێکدا 185 سەر مەڕ و بەرخی کوشتووە، کە رۆژانە دەکاتە نزیکەی 10 سەر مەڕ و بەرخ.
 
دوای پێنج رۆژ لە تووشبوونی هەر مەڕێک بەو نەخۆشییە، مەڕەکە لاواز دەبێت تاوەکو مرداردەبن. رەمەزان خالید، ئاژەڵدار چاوی لە خێری ئەم وەرزەی زاوزێ و زیادەبوونی مەڕوماڵاتەکەی بوو، بەڵام تووشی زیانی گەورە بووە، دەڵێت، "35 بۆ 40 ملیۆن دینار زیانم پێگەیشتووە. ملیۆنێک و 500 هەزار دینارم داوە بە دەرمان، هیوادارم حکومەت قەرەبوومان بکاتەوە و چارەسەرێک بۆ کێشەکەمان بدۆزێتەوە".
 
نەخۆشییەکە ڤایرۆسییە، پێشتر لە ناوچەکە هەبووە، بەڵام بەو شێوەیەی ئێستا نەبووە. دوای تووشبوون بە نەخۆشییەکە، دەرمان و دەرزی سوودی نییە، بەڵکو پێویستە مەڕەکە دژی ڤایرۆسەکە بکوترێت. ڤێتێرنەریی بەردەڕەشیش هۆشداری لە مەترسیی زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەدات.
 
محەممەد مەجید، بەرپرسی بنکەی ڤێتێرنەریی بەردەڕەش لەبارەی نەخۆشییەکەوە رایدەگەیێنێت، "نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە کە زوو بڵاودەبێتەوە، ئێمە راستەوخۆ لیژنەیەکمان پێکهێنا و سەرووی خۆمان ئاگاداکردووەتەوە کە ئەگەر چارەسەرێکی بۆ نەدۆزرێتەوە، مەترسیی گەورە دروستدەکات".
 
لە سنووری قەزای بەردەڕەش نزیکەی 50 هەزار سەر مەڕ و بزن هەن، تاوەکو ئێستا ڤایرۆسەکە بە تەنیا لە گوندی زەنگەنان تۆمارکراوە.