کۆنسوڵی ئێران لەبارەی قاسم سولەیمانی: چاوەڕوانی زیاترمان لە هەرێمی کوردستان هەبوو

رووداو - هەولێر

کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان و بەرپرسان لە رووداوی کوشتنی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە، رایگەیاند "هەرچەندە دۆستانمان لە هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی باشیان لە پرسەکەدا هەبوو و نیگەرانی خۆشیان پیشاندا، بەڵام ئێمە چاوەڕوانییەکی زیاترمان هەبوو". 
 
نەسروڵڵا رەشنوودی، کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر لەکاتی بەشدارییکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ سەبارەت بەوەی کە چۆن دەڕواننە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە کوژرانی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە گوتی "دۆستانمان لە هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی باشیان کرد لەو مەراسیمەی کە ئەمڕۆ هەبوو، لەو بابەتەی کە روویداوە نیگەرانی خۆیان پیشانداوە، بەڵام ئێمە چاوەڕوانییەکی زیاترمان هەبوو لەوەی کە ئەوکارە تیرۆریستییەی بە ئاشکرا کراوە، ئەوان زیاتر باسی لێوەبکەن، هەرچەندە شەهیدبوونی ئەو خۆشەویستانەیان ئیدانەکرد، بەڵام چاوەڕوانییەکانی ئێمە زیاتربوو".
 
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشتر راگەیێندراوی لەبارەی هێرشی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس بڵاوکردەوە و ئەمڕۆش (یەکشەممە 05-01-2020) نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە پرسەی قاسم سولەیمانی لە کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەولێر کرد، رەشنوودی دەڵێت "هەرجۆرێک بێت پەیوەندییەکی باش و دۆستانە لەنێوان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بەڕێز بارزانی و سەردار سولەیمانی هەبوو، لە هەرشوێنێک هەرێمی کوردستان پێویستی بە قاسم سولەیمانی هەبووایە لەوێ ئامادەدەبوو، ئەو پەیوەندییە دۆستانە و برایانەیە کە هەبوو چاوەڕوانییەکی برایانەیە، بۆیە ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەتوانین بڵێین هیچ جیاوازییەکمان نییە و دراوسێی لە مێژینەین و لەگەڵ یەکدین، ئەگەر ئەمریکییەکان ئەمڕۆ هاتوون و بوونیان هەیە کاتییە، لەبەرئەوە هەر شوێنێک لە بەرژەوەندی ئەوان بێت دەمێننەوە و ئەگەر لە بەرژەوەندیشیان نەبێت بەجێی دەهێڵن".
 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بەوەی کە ئایا ئێران هێز رەوانەی دەرەوەی سنوورەکانی دەکات بۆ لێدان لە ئەمریکا؟ رەشنوودی گوتی "بە هیچ شێوەیەک رووداوێکی لەمشێوەیە رووینەداوە و ئەمریکییەکان بەدرۆ دەڵێن کە ئێران و بوونی حاجی قاسم لە عێراق بە مەبەستی ئەنجامدانی کارێک بووە، لەکاتێکدا ئەمڕۆ بەڕێز عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند کە بڕیاربووە کاژێر 08:00 سەرلەبەیانی بەیەکەوە کۆببنەوە، مەبەستەکەیشی وەرگرتنی نامەی پاشای سعودیە بووە بە بەڕێزیان (عادل عەبدولمەهدی)، هەوڵی شەهید قاسم سولەیمانیش بەمەبەستی ئارامیی و ئاسایشی ناوچەکە بووە، ئەمریکییەکانیش ئەوکارەیان بەدڵنەبووە، دەزانن کە ناوچەکە لە ئارامیی و ئاسایشیدابێت هیچ شوێنێک بۆ ئەوان نامێنێت و ئەگەر وڵاتانی ناوچەکە لە یەکدی نزیکببنەوە ئەوکاتە شوێنی بەکارهێنان بۆ ئەوان نامێنێت، بەداخەوە ئەوکارەیان کردووە".
 
کۆنسوڵی ئێران رەتیکردەوە هیچ هێزێکی ئێرانی هاتبێتە سنوورەکانی عێراق و گوتی "بەهیچ شێوەیەک کۆماری ئیسلامی ئێران پێویستی بە هاوردەکرنی هێزنییە".