هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دوادەکەوێت

رووداو- هەولێر

لەبەر هۆکاری سیاسی و ئابووری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و بەشێک لە حیزبەکان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەمساڵ لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن ناکرێت ئەگەر ناکۆکییە سیاسیەکان بەردەوام بن.


کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن دەبێ 6 مانگ بەر لە وادەی هەڵبژاردن ئاگادار بکرێ تاوەکو ئامادەکاری بۆ پرۆسەکە بکات، هەڵبژاردنی پەرلەمان هەر چوار ساڵ جارێک لە 21ی مانگی 9دا دەکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە هەڵبژاردنی 21-9-2017 پشتڕاست کاتەوە.

رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی ئەو کەسانە زیاتر دەبن کە کارتی بایۆمێتری دەنگدان نوێ دەکەنەوە، بەڵام دیار نییە ئەو کارتە تاکەی لە گیرفانیان دەبێ و کەی دەنگی پێدەدەن، چونکە وەک سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئەمساڵ و لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن ناکرێت.

ئومێد خۆشناو ، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "حەزی ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، هەموو پێشبینییەکانیش دەریان دەخست کە ئەم خولەی درووشم بازی لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەی دەخواست کە هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، ئێمە وەک پارتی هەموو ئامادەکارییەکمان هەیە کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت بەڵام بەداخەوە دۆخی ئەمڕۆی کوردستان ، شەڕی داعش ، ململانێ سیاسییەکان و گرفتی ئابووری پێمان دەڵێن کە بەداخەوە لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن ناکرێت".

تەنها پارتی نیە کەپێیوایە هەڵبژاردن ناکرێت، لایەنەکانی دیکەش هەروا، لەوانە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان. 

حاجی کاروان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە چاوەڕوانی هەموو ئەو کەسانەی لەنێو پرۆسەکەدان هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ناکرێت، بەلام ئەگەر ئیرادەیەکی سیاسی هەبێت و رێکبکەون لەسەر کاتی هەڵبژاردن ئەوا ئەو کاتە دەکرێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت".

ئەوەی کە پارتی و یەکگرتوو دەیڵێن دیوە سیاسیەکەی بابەتەکەیە، دیوەکەی دیکەی هەلبژاردن دیوە تەکنیکی و ئیداریەکەیە ، کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەرپرسە لێی، ئەوانیش گرفتیان هەیە، وەک گوتەبێژی کۆمسیۆنەکە دەڵێت، بۆ ئەوەی مانگی 9 هەڵبژاردن بکەین ، کات و پارەمان دەوێت.

ئێستا لایەنە سیاسییەکان بە دوای چارەسەری کێشەکانیانەوەن، دەیانەوێ سەرۆکێک بۆ هەرێمی کوردستان دیاری بکەن و حکومەتێکی تازە دروست بکەن و سەرۆکایەتییەکی نوێش بۆ پەرلەمان هەڵبژێرن، ئەمانەش هەمووی تا هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانە.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان