ژنێك لە نهۆمی یەكەمی دادگای سلێمانی خۆی هەڵدەداتە خوارەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە دادگای سلێمانی ژنێک لە نهۆمی یەكەمی باڵەخانەکەوە خۆی هەڵدایە خوارەوە ‌و ‏بریندار بوو، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، "هۆكارەكەی ئەوەیە لەگەڵ هاوسەرەکەی ‏كێشەی هەبووە"‏.
 
سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی ‏راگەیاند، "كاژێر 10:30 بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، ژنێك لە نهۆمی یەكەمی ‏بینای دادگای سلێمانی خۆی هەڵدەداتە خوارەوە و هۆكارەكەشی كێشەی ‏كۆمەڵایەتییە‌".
 
هەروەها گوتی، "بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ژنەكە لەگەڵ ‏مێردەكەی كێشەی هەبووە و هۆكاری خۆهەڵدانەكەشی هەر پەیوەندی بەو ‏كێشەیەوە هەبووە".‏
 
گوتەبێژەكەی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، ژنەكە بەهۆی ئەو رووداوەوە ‏بریندار بووە بە ئەمبوڵانس براوەتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەركردن ‏‌و گوتیشی، "لەسەر رووداوەكە پۆلیس دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە".‏