رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک رایگەیاند، لە 11 مانگی ئەم ساڵدا، زیاتر لە دوو هەزار و 207 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگاکە روویانداوە. دەشڵێت، "بەراورد بە پار رووداوەکان زیادیانکردووە."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 04ـی کانوونی یەکەمی 2024، بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم ساڵ بارانێکی زۆر باری و گژ و گیا زۆر بە باشی گەشەی کرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بەراورد بە پار زیاد ببێت."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێت، "لە 11 مانگی ئەم ساڵدا 2207 رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە، کە 1602 رووداویان سووتانی پوش و پەڵاش بوون، ئەوانی دیکەش ئاگرکەوتنەوەی ماڵ، شوێنە گشتییەکان و بەنزینخانەکان بوون."
بە گوتەی بێوار عەبدولعەزیز، "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 5 کەس بە رووداوی ئاگرکەوتنەوە گیانیان لەدەستداوە و 14 کەسیش برینداربوون."
لە تەواوی ساڵی رابردوودا، 1700 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکرابوون، 6 کەس بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستدابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ