ئەندامێکی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین: 45 هەزار ئاوارە لە شەهباوە گەڕاونەتەوە عەفرین

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین دەڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 45 هەزار کوردی عەفرین کە پێشتر ئاوارە ببوون، لە شەهبا گەڕاونەتەوە شارەکە. داوا لە ئاوارەکانیش دەکات بگەڕێنەوە عەفرین، "کۆچبەری نەما و دۆسیەی سووریا بەرەو چارەسەرکردن دەڕوات.''
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 04-12-2024) ئازاد عوسمان، ئەندامی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە دڵدار هەرکی پێشکێشیکرد، لەبارەی دۆخی کوردانی عەفرین لە شەهبا رایگەیاند، ئەوانەی گەڕاونەتەوە، 'زیاتر لە 900 خێزان دەبن کە پێشتر ساڵی 2018 کاتێک شارەکە لەلایەن سوپای نیشتمانیی سووریا کۆنترۆڵکرا، روویان لە حەلەب و شەهبا کردبوو.''
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین، جیا لە گەڕانەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییانی عەفرین، خەڵکێکی زۆریش لە عەفرینەوە (عەرەبی هاوردە) بەرەو حەلەب دەڕۆن، کە لە ساڵی 2018ـەوە هاتبوونە شارەکە.
 
وەک ئازاد عوسمان دەڵێت، گەڕانەوەی کوردانی عەفرین لە شەهبا و دەوروبەرییەوە بەردەوامە، ژمارەیەکی کەمیش کورد لەو ناوچانە ماون کە بەهۆی نەبوونی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر بۆ گواستنەوەی ماڵەکانیان، کێشەی گەڕانەوەیان هەیە، بەڵام هەوڵدەدەن چارەسەری بکەن.
 
کوردانی عەفرین لەدوای کۆنترۆڵکردنی شاری حەلەب و شارۆچکەکانی تەلڕەفعەت و چەندین ناوچەی کوردنشین لە باکووری شاری حەلەب لەلایەن دەستەی تەحریر شام (هەتەشە)، کەوتنە دۆخێکی خراپەوە و تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆریان ناچارن لەسەر شەقامەکان بمێننەوە.
 
وەک ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین گوتی، رێکخراوەکان بەهۆی هەبوونی مین لە شەهبا و ناوچەکانی دەوروبەری، ناتوانن بە هانای خەڵکەوە بچن، بەڵام بڕیارێک لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەرکراوە کە هاوکاریی رێکخراوەکان بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بەزووترین کات یارمەتیی بگەیێننە خەڵک.
 
ئازاد عوسمان گوتی ''بڕیارە سبەی یان دوو سبەی، رێگەکان لە مین پاکبکرێنەوە، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین بە پاس یان بارهەڵگر خەڵکی خۆمان بگەڕێنینەوە، لەوانەیە 24 بۆ 48 کاژێری دیکە رێگەکان ئاسایی ببنەوە.''
 
کوردانی شاری عەفرین، دووەمجارە ئاوارە دەبن. لە ئاداری 2018 کاتێک ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن کۆنترۆڵکرا، روویان لە تەلرەفعەت کردبوو و بەشێکی زۆریان تاوەکو ئێستا لە کەمپ دا دەژیان. زۆربەی موڵک و زەویوزاریشیان لەلایەن عەرەبی هاوردەوە داگیرکرابوون.
 
ئازاد عوسمان لەبارەی گەڕاندنەوەی خانوو و زەویوزاری کورد لە عەفرین دەڵێت ''کەمپی کاتی هەن و دەتوانین چەند رۆژێک تاوەکو خانووەکانیان چۆڵ دەکرێت، خەڵکی خۆمان لەوێ جێگیر بکەین، خەریکە هەوڵی ئاساییکردنەوەی دۆخەکە دەدرێت، رۆژانە بە هەزاران عەرەب لە عەفرینەوە بەرەو حەلەب دەڕۆن.''  
 
ژمارەیەک لەو هاونیشتمانییانەی لە شەهباوە دەگەڕێنەوە عەفرین دەڵێن، لایەنە ئەمنییەکان کێشەیان بۆ دروست دەکەن و هەندێکیان دەستگیر دەکرێن. ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین لەوبارەوە گوتی، ''خەریکە هەزاران کەس دەگەڕێنەوە شارەکە، ئەمەش پرۆسەیەکی ئەمنییە و دەبێ پشکنینیان بۆ بکرێت، چونکە نازانرێت لەگەڵ ئەو خەڵکەدا کێ دەگەڕێتەوە، تەنانەت خەڵکیش ترسیان لەوە هەیە کەسانێک لە نێویاندا بۆمب یان مینیان پێبێت."

 

 
بەگوتەی ئازاد عوسمان، ئەو هاونیشتمانییانەی لەلایەن پۆلیس و لایەنە ئەمنییەکانەوە گومانیان لەسەر دەبێت، ''چەند کاژێرێک رادەگیرێن، دواتر هەر خەڵکی ناوچەی خۆیان دەبنە کەفیلیان و شایەتی ئەوە دەدەن خەڵکی گوندەکەی ئەوانن و ئازاد دەکرێن.''
 
لە ساڵی 2018ـەوە زیاتر لە 200 هەزار ئاوارەی شاری عەفرین لە ناوچەکانی شەهبا و تەلرەفعەتی باکووری حەلەب لە کەمپی ئاوارەکاندا دەژین و بێجگە لە رەققە، ژمارەیەکیشیان جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە بۆ عەفرین.
 
ئاوارەبوونی ئەمجارەی کورد دوای ئەوە دێت، لە چوارشەممەی رابردووەوە دۆخی سووریا ئاڵۆز بووە. هێزە چەکدارەکانی دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی هێرشیان بۆ سەر سوپای وڵاتەکە دەسپێکردووە و دەستیان بەسەر چەندین ناوچەدا گرتووە. 
 
لە ئەنجامی ئەو ئاڵۆزیانەش تاوەکو ئێستا زیاتر لە 700 کەس کوژراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 محەممەد حاجی، هاوژینی ئەمینە حەنان باسی چیرۆکی سەربڕینی هاوژینەکەی دەکات

چیرۆکی دڵتەزێنی سەربڕینی ژنێکی کورد؛ 'گرووپە چەکدارەکان سەریان لە ژوورەوە دانابوو'

لە دوایین هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان دا، لە گوندەواری باکووری حەلەب، گرووپە چەکدارەکان چەندین پێشێلکارییان دژی خەڵکی سڤیل کردووە. پیاوێک چیرۆکی سەربڕینی هاوژینەکەی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "سەری لە لاشەی کراوەتەوە".