گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی حکومەت؛ پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان، دەست بە گەڕی دووەمی دانوساندنەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکات، کۆبوونەوە چارەنووسسازەکەش کە لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانە، دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو.
پارتی و یەکێتی، دەیانەوێت لە کۆبوونەوەی ئەمجارەیان دا گفتوگۆی ورد لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن. پارتی دەیەوێت بە روونی بزانێت یەکێتی چی دەوێت؟ قسەی روونی یەکێتی وەردەگرن کە بۆ کابینەی نوێ بە چی رازی دەبن و پارتی چی بۆ داناون.
کرمانج عیزەت، بەرپرسی لقی 26ـی پارتی بە رووداوی گوت "دەبێت لەمەودوا دیموکراسیی تەواو رەچاوبکەین. با سبەی یەکێتی زۆرینەی دەنگ ببات و حکومەتی لەدەست بێت؛ ئەمڕۆ پارتی زۆرینەیە و دەبێت پشکی زۆریشی لابێت. حیزبەکانی دیکەش کە هاتوونەتە پێشەوە، دەبێت بەشیان هەبێت و ئێستا حیزبی سێیەم هەیە، با سبەی بێتە مەیدان."
گوتیشی "بەڵام بەڕاستی شێوازی 50 بە 50 لای پارتی کۆتاییهاتووە، لای پارتی، ئەو سەردەمە بەسەرچوو."
یەکێتی بەتەواوی داوا و داخوازییەکانییەوە ئامادەی گفتوگۆی دووەمە لەگەڵ پارتی.
پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بە رووداوی گوت "گرنگە بیروڕامان زیاتر ئاڵوگۆڕ بکەین، بەتەواوی داوا و پێشنیارەکانی یەکتر بزانین؛ لەم روانگەشەوە یەکێتی هەموو کات ئامادەی کۆبوونەوە و گفتوگۆیە، بە گرنگیشی دەزانین لە دوای دانیشتنی کۆبوونەوەی پەرلەمانیش بێگومان کۆبوونەوە چڕتر دەبن بۆ خێراپێکهێنانی کابینەی نوێ."
رووداو، بۆ یەکەم جار هۆکاری دواکەوتنی کۆبوونەوەی دووەمی یەکێتی و پارتی ئاشکرا دەکات؛ بافڵ تاڵەبانی لە دوایین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتوویێتی 'سەفەرێکی دەرەوەی وڵاتم هەیە، کە گەڕامەوە دەستدەکەین بە گفتوگۆی راستەقینە و یەکلاکەرەوە لەگەڵ پارتی.'
ئێستاش، پارتی چاوەڕێی گەڕانەوەی سەرۆکی یەکێتییە.