زێڕنگرێک لە هەولێر: بازاڕ کزە و کوڕ و کچێک بە مسقاڵێک زێڕ هاوسەرگیرییان کرد
رووداو دیجیتاڵ
لە قەیسەریی هەولێر، جموجۆڵی بازاڕ هاوشێوەی کەشوهەوای شار، سارد و کەم کڕیارە. ئەحمەد یەکێکە لە فرۆشیارانی زێڕ و دەڵێت دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک، کە پرۆسەی هاوسەرگیری بە مسقاڵێک زێڕ دەکرێت.
ئەحمەد قەساب، فرۆشیاری زێڕ لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر بۆ رووداو باسی لە بێبازاڕیی زێڕنگران کرد، گوتی "بووک و زاوایەک هاتن، تەنیا ئەڵقەیەک و گوارەیەکیان بۆ مارەیی کڕی."
ئەحمەد دەڵێ زاواکە پێی گوتووە "وەستا، مسقاڵێک زیاتر تێنەپەڕێت.'' بۆیە ئەویش زۆر کاریگەر بووە و تەنانەت پارەی دەستهەقی لێ وەرنەگرتوون.
دوواکەوتنی مووچە، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر زۆربەی جومگەکانی بازاڕ دروستکردووە.
لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێلیش لە هەولێر هاوشێوەی بازاڕ ئۆتۆمبێل زۆرە بەڵام کڕیار کەم؛ خاوەن پێشانگەکان دەڵێن فرۆشیان بەڕێژەی 50٪ کەمیکردووە.
ئەدهەم سادق، فرۆشیاری ئۆتۆمبێل بە رووداوی گوت "بەهۆی بێبازاڕی، ناچارین نرخەکانیشمان دابەزاندووە تەنیا بۆ ئەوەی بفرۆشرێت، کەچی نافرۆشرێت و بازاڕ نییە."
کەرتی خانووبەرە، یەکێکە لەو کەرتانەی هەرێمی کوردستان، کە زۆرترین وەربەرهێنانی تێدا کراوە، بەڵام نەناردنی مووچە و خراپیی دۆخی ئەمنی، خەریکە ئاراستەی وەبەرهێنانی بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان بگۆڕێت.
میران سەفینی، خاوەن کۆمپانیای کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە هەولێر دەڵێ "خراپیی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و دواکەوتنی مووچە، وایانکردووە بەشێکی وەبەرهێنەران سەرمایەکانیان بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان بگوازنەوە."
لە مانگی کۆتایی ساڵی 2024 ـداین، مووچەخۆرانیش لە چاوەڕێی سێ مووچەی کۆتایی ساڵدان، بەڵام هێشتا روون نییە ئەو مووچانە کەی دەچنە گیرفانەکانیانەوە، ئەمەش وایکردووە خەڵک تەنیا ئەو بەرهەمانە بکڕن، کە پێویستی بخۆ و بڕۆی ژیانن.