رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییانی وان گلەییان لە دۆخی داراییان هەیە و دەڵێن، بەشی خەرجییەکانیان ناکات. کاسبکارانیش بەدەست بێ بازاڕی و کڕیارانیش بەدەست بەرزی نرخەوە داد و بێدادیانە.
محەممەد سدیق بەنلی، سەرۆکی بازاڕی گەڕەک دەڵێت: "بەراورد بە پار، بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە، خواستی خەڵک بۆ بازاڕکردن بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. لە هەموو تورکیا ئەم کێشەیە هەیە و لێرەش بە هەمان شێوەیە. بڵێین دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەی حکومەتە؟ بڵێین چی؟ زۆربەی شارەکان لەم دۆخەدان".
محەممەد سدیق بەنلی سەرۆکی بازاڕی گەڕەکەکە دەڵێ، پێشتر هاونیشتمانییان پێداویستیەکانی چێشتخانەکەیان بە 50 لیرە دەکڕی، بەڵام ئێستا بە 800 لیرەش ناتوانن بیکڕن.
بەنلی سەرنج بۆ بارودۆخی کاسبکاران رادەکێشێت و دەڵێ، 40٪ـی بازاڕ پشت بە قەرز دەبەستێت و زۆرێک لە کاسبکاران قەرزارن.
موسا یڵدز، کاسبکارێکە لە بازاڕەکە و باس لەوە دەکات کە "پار شتومەکەم بە 100 لیرە دەفرۆشت، ئەم ساڵ بووەتە 200 لیرە. ئەوانەی پارساڵ بە 50 لیرە بوون ئێستا بە 100 لیرەن. هاونیشتمانی بێت بە 100 لیرەی گیرفانی، سەوزە، پێڵاو یان جل و بەرگ، چی بکڕێت؟. باوەڕ بکەن ئەو رۆژە ژنێک بە گریانەوە هات، چونکە نەیتوانی دوو کیلۆ سەوزە بکڕێت و دەستی بەتاڵ گەڕایەوە بۆ ماڵەوە".
خانەنشینێک کە مووچەی مانگانەی 12 هەزار و 500 لیرەیە کە دەکاتە 360 دۆلار دەڵێ، مووچەکەی تەنیا بەشی 10 رۆژیان دەکات و 20 رۆژەکەی دیکە بێ پارەن و بژێوی ژیانیان نییە.
هاونیشتمانییەکی دیکە: "هەموو شتێک گران بووە، هەژارەکانیان چەوساندووەتەوە و دەوڵەمەندەکانیان بەرزکردووەتەوە. چی بڵێم؟ هێزی داراییمان بەشی هیچ ناکات. خانەنشینم، ناتوانم بژێویم دابین بکەم. رۆژانە شتەکان گرانتر دەبن، ئیدی بەمشێوەیە ناگوزەرێ".
دامەزراوەی ئاماری تورکیا، رۆژی سێشەممە رایگەیاند، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا هەڵاوسان لە تورکیا و باکووری کوردستان 2.24٪ زیادیکردووە و لەسەر ئاستی ساڵانەش گەیشتووەتە 47.09٪، بەڵام بەپێی داتاکانی گرووپی توێژینەوەی هەڵاوسان، رێژەی هەڵاوسان لە مانگی تشرینی دووەمدا 4.06٪ بووە و لەسەر ئاستی ساڵانەش گەیشتووەتە 86.76٪.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ