رووداو دیجیتاڵ
رووداو بەدواداچوون بۆ چیرۆکی گیانلەدەستدانی ژنێکی تەمەن 21 ساڵ دەکات، کە دوای سێ ساڵ لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، لە شەوێکی مانگی ئابی ئەمساڵدا بە هەڵواسراوی لە ژوورێکی ماڵی خەزوورانی دۆزرایەوە.
ژنەکە ناوی فاتمە ئەحمەد بوو و دایکی کچێکی دوو ساڵانە. دایکی فاتمە لەڕێگەی رووداوەوە باسی رۆژە ناخۆشەکانی بەر لە مردنی کچە جوانەمەرگەکەی دەکات و، تاونا تاوێک لەنێو گەرمەی قسەکردندا دەستی بۆ ئاسمان بەرزدەکاتەوە و داوای مافی کچەکەی دەکات.
خوشکی فاتمە بەمشێوەیە باسی شەوی مردنی خوشکەکەی دەکات، "پەیوەندیمان پێوە کرد و لە گرووپ قسەمان لەگەڵ یەکتردا کرد، گوتی من دایدەخەم و جارێ ئیشم هەیە. دوای ئەوەی دایخست، براژنم گوتی دێتە ماڵی ئێمە، ئەوەندەم زانی کە دەچێتە ماڵی ئەوان، دواتر کاژێر 11:00 بۆ نیوەی شەو بوو، پەیوەندییەکم بۆ هات و گوتی فاتمە دۆخی زۆر شڕە، لە نەخۆشخانەی رزگارییە."
خوشکەکەی دەڵێ پێیان گوتوون بچنە نەخۆشخانە "یەکەمجار کە گوتیان شڕە، گوتم رەنگە رووداوێک بێت، دواتر کە چووین، گوتیان بڕۆنە پزیشکی دادی و لە پزیشکی دادییە، لەوێش گوتیان مردووە. خەزووری گوتی مرد و تەواو، وای بە من گوت."
باوکی فاتمە باسی ئەوە دەکات کە خێزانەکە بێدەنگ بوون، ئەویش گوتوویەتی "ئێوە کوشتووتانە و لێتان خۆشنابم."
لە ئەنجامی راپۆرتی پزیشکی دادی بۆ هۆکاری مردنی فاتمە هاتووە؛ بە پەتێک لە دەوری ملی، خنکاوە.
هاوژینە گەنجەکەی فاتمە، کە تەمەنی 25 ساڵە، لەدوای رووداوەکە بەپێی ماددەی 408 دەستگیرکراوە. ئەو ماددەیە تایبەتە بە هاندان بۆ خۆکوشتنی کەسێک، بەڵام ماڵباتی فاتمە بڕوا بەوە ناکەن و گومان دەکەن کچەکەیان کوژرابێت.
خوشکی فاتمە لەبارەی هاوژینی خوشکە کۆچکردووەکەیەوە دەڵێ، "دڵی لێی پیسبوو و خیانەتی لێدەکرد، چەندین جار بۆ منی باس دەکرد و دەیگوت لە ناو مۆبایل خیانەتەکانی ئەوم پێیە، کە (تەرمی خوشکەکەمان) شووشت، جێگەی لێدان بە پشتیەوە دیاربوو و لە ملیشی شوێنی پەتەکە دیاربوو، لێدانەکە خەتێک بوو کە بە پشتییەوە دیاربوو، جێگەی قایش و ئەوانە بوو."
براژنی فاتمە بەهەمان شێوە نایشارێتەوە ئەوان ترسیان هەبووە "پیاوەکەی بیکوژی، چونکە هەڕەشەی کوشتنی لێکردبوو و هەڕەشەی تەڵاقی لێکردووە."
باوکی فاتمە دەڵێت دوای ماوەیەکی کورت لە دەستگیرکردنی زاواکەی، دادگە ئازادی کردووە، ئەوانیش بەهۆی ئەوەی توانای گرتنی پارێزەریان بۆ کچەکەیان نەبووە، هەستدەکەن لە کەیسەکەیاندا مافی فاتمە خوراوە.
باوکی فاتمە دەڵێ "ئێستا داوا لە برا گەورە دەکەم، دەبێت لەو کەیسە حەقم بۆ وەرگرێت؛ مافمان خوراوە."
برزۆی پارێزەر لەسەر داوای رووداو دوو جار بەدوای پەڕاوەکانی ئەم کەیسەدا رۆشتووە، ئاماژە بەوە دەکات "بەهۆی نەبوونی بەڵگەی تەواو، ئەو کەسە بەردراوە."
بە بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی، بڕگەیەکی ماددەی 408ـی هەموارکراوی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاوەتەوە، بەو مانایەی ئەگەر کەسێک بووبێتە هۆکاری خۆکوشتنی کەسێک، چیدیکە لە دادگە سزانادرێت.
برزۆ سەعید، پارێزەری راوێژکار گوتی "وەک یاسایە کۆنەکەی لێهاتووە (ئەو بوونەهۆکارە) نەماوە و ئیشی پێناکرێت، واتە دەتوانم بڵێم تۆمەتبار زیاتر سوود لەم کەیسانە دەبینن."
رووداو پەیوەندیی بە هاوژینەکەی فاتمە و پارێزەرەکەیانەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوون لەسەر ئەم بابەتە هیچ بڵێن.
فاتمە لە 5-5-2003 لەدایکبووە و لە 5-5-2021 ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە، لە 8-8-2024 گیانی سپاردووە.
بەرنامەی بەرپرسیار لەبارەی کەیسی فاتمە ئەحمەد
برایەکی فاتمە لە بەرنامەی بەرپرسیار کە کەڤین تەحسین پێشکێشی دەکات، ئەمشەو (چوارشەممە، 4-12-2024) خەسوو و هاوژینی فاتمە بە هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە تۆمەتبار کرد و گوتی "دوای دوو کاژێر مانەوەی لە نەخۆشخانە و ناردنی بۆ دادپزیشکی ئینجا ئێمەیان ئاگادار کردەوە. گومانمان لە خەسوو و هاوژینەکەی هەیە. پێشتریش بەردەوام کێشەی هەبوو، خیانەتی لێدەکرد، کهوولی دەخواردەوە، کاژێر 3ـی شەو دەهاتەوە ماڵ، خەسوو و خەزووری لەگەڵی خراپ بوون."
بەهار عەلی، بەڕێوەبەری رێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، لە بەرپرسیار، گوتی "کەیسەکانی تایبەت بە تووندوتیژی لە دادگەکان دوادەخرێن، چونکە تاوەکو ئیستا عەقڵیەتێک ماوە بەوەی پێیان وایە تەنیا ژن دەستپێشخەرە بۆ کردنی تاوان، ئەم عەقڵیەتە لەنێو دادگەکاندا ماوە، بەتایبەت ئەگەر خاوەن کەیسەکان وریا نەبن، کەیسەکانیان زیاتر پشتگوێ دەخرێن. بەدواچوونی کەیسەکان لاوازن و ئەمەش دەبێتە هاندەرێک بۆ کردنی تاوان لەلایەن کەسی دیکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ