رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، کۆمەڵێک مەرجی بۆ بەشداریكردنی كۆمپانیاكان بۆ حەجی 2025 بڵاوکردەوە. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، "ئەو کۆمپانیایانەی پار سزادراون ئەم ساڵ ناتوانن بەشداری بکەن."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 04ـی کانوونی یەکەمی 2024، حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "تەنیا ئەو كۆمپانیانەی كە لە بواری حەج و عومرە كار دەكەن، مافی پێشكێشكردنی داواكارییان هەیە و پێویستە پاكانەیان هەبێت."
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حەج و عومرە، "كۆمپانیاكانی بواری عومرە دەتوانن داواكاری پێشكێش بكەن، بە مەرجێك هەر كۆمپانیایەك لە ساڵی 2024 هەشت جار گەشتی عومرەی کردبێت، كە بە رێژەی (10%) بەشداردەبن لە پرۆسەی حەج؛ بە لەبەرچاوگرتنی گشت مەرجەكان، نابێت كۆمپانیا و داواکار لە ماوەی ساڵی رابردوو بە هیچ تاوانێک سزادرابن تاوەکو کاتی تیروپشك."
سەبارەت بە بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی كۆمپانیا یان هاوبەشەكەی، حەج و عومرە دەڵێت، "یەكێكیان كە گشت مەرجەكانی تێدابێت، دەتوانێت داواكاری پێشكێش بكات، بە مەرجێك رێژەی هاوپشكەكەی 25% كەمتر نەبێت."
بەڕێوەبەرایەتییەکە باسی لەوە کردووە، "كۆمپانیاكانی بواری حەج و عومرە ئەگەر ساڵێك بەسەر دامەزراندنیان تێپەڕ نەبووبێت، ناتوانن داواكاری پێشكێش بكەن. هەروەها پێویستە پشتگیریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان لە سنووری پارێزگای خۆی بهێنێت و پشتگیریی كۆمەڵەی كۆمپانیاكان بهێنێت كە بەردەوامە لە كاركردن."
بەگوێرەی حەج و عومرە، "پێویستە تاوەکو كاتی تیروپشك، داواكار هیچ كێشەیەكی تەندروستی نەبێت كە ببێتە گرفت لە بەردەم خزمەتكردنی حاجییان و نابێـت تەمەنی داواكار لە 63 ساڵ زیاتر بێت بۆ گەشتی ئاسمانی و، بەڵێننامە لە فەرمانگەی دادنووسی بدات كە پابەند دەبێت بە گشت رێنماییەكان، بەپێچەوانەوە خۆی بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر هەر رێكارێكی یاسایی و كارگێڕی كە لە بەرامبەری دەكرێت."
سەبارەت بەو كۆمپانیانەی كە بە رێگەی وشكانی هاووڵاتییان دەگوازنەوە بۆ سعودیە، حەج و عومرە گوتی، "نابێت تەمەنیان لە 60 ساڵ زیاتر بێت."
هەر لە راگەیێندراوەکدا هاتووە، "پێویستە داواكار هەموو بەڵگەنامەكان لەناو فایلێكی تایبەت پێشكێشی نووسینگەی حەج و عومرەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی سنووری خۆیان بكەن و لە ئەگەری هەر كەم و كوڕییەك مافی بەشداریكردنی نابێت."
هاوکات کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ساڵانە ئەم مەرجانە بۆ کۆمپانیاکان رادەگەیێنین بە شێوەی تیروپشك و بە ئاشكرا لە هەولێر ئەنجام دەدرێت بە ئامادەبوونی لایەنی پەیوەندار و خاوەن كۆمپانیاكان."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە گوتی، "هەر کۆمپانیایەک 46 کەس دەبەن."
بە گوتەی کاروان ستوونی، "دوای چاوپێكەوتن لەلایەن لێژنەی تایبەت بە هەڵسەنگاندن، ئەگەر داواكار 60% بە دەست بێنێت بە سەركەوتوو هەژمار دەكرێت و مافی بەشداری لە تیروپشك دەبێت و لیژنەیەك پێكدێت لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان و بەئەندامێتیی لێپرسراوی هەر نووسینگەیەك لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان تایبەت بە سنووری خۆیان."
رۆژی 5-12-2024، تۆمارکردنی داواکاری دەستپێدەکات و تاوەکو 19-12-2024 بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ