رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا دەدات. هەروەها داوای هێورکردنەوەی دۆخی ئەو وڵاتە دەکات.
چوارشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناتۆ لە برۆکسل، لەبارەی دۆخی سووریا، رایگەیاند "گرنگە ئێستا سەرجەم لایەنەکان شەڕ رابگرن و دڵنیایی بدەن لە پاراستنی خەڵکی سڤیل لە سەرانسەری سووریا."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی "لەوەش گرنگتر، پرۆسەیەکی چارەسەری سیاسییە کە وڵاتەکە لەو گێژاوی تووندوتیژییە رزگار بکات."
ئەنتۆنی بلینکن هەروەها گوتی "ئێمە، بەرژەوەندییەکی درێژخایەنمان هەیە، کە هاوتەریبە لەگەڵ بەرژەوەندیی درێژخایەنی سووریا، بەتایبەتی لەبارەی ئەوەی دڵنیابین جارێکی دیکە داعش سەرهەڵنەداتەوە و نەگەڕێتەوە."
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی 2017 لە عێراق و لە ساڵی 2019ـشدا لە سووریا، سەرکەوتنی بەسەر داعش رایگەیاند، بەڵام شانە نووستووەکانی لە چالاکی بەردەوامن.
ئەمریکا، نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە، بلینکن دەڵێت "لە سووریا چەندین چەکداری داعشی بیانی هەن، ئەمە جگە لەوەی خێزانەکانیشیان لەنێو کامپەکانی سووریادا دەژین. ئێمە لەگەڵ وڵاتان بەردەوام لەسەر هێڵ بووین تاوەکو هاووڵاتیانی خۆیان لەو کامپانە وەرگرنەوە کە ئێستا بە هەزارانیان لەو کامپانە ماونەتەوە و بێگومان ئێمە بەهیچ شێوەیەک نامانەوێت، ئەو چەکدارە بیانیانە سەرهەڵبدەنەوە."
لەبارەی کۆنترۆڵکردنی حەلەب، دووەم گەورەترین شاری سووریا لەلایەن چەکدارانی دەستەی تەحریری شامەوە، بلینکن گوتی "ئەوە سەلماندنی ئەو راستیەیە پاڵپشتیکارانی سەرەکیی حکومەتی سووریا و بەشار ئەسەد کە رووسیا و ئێرانن، سەرقاڵن بە جەنگ و تەنگەژەی دیکەوە."
بلینکن پێیوایە ئامادەنەبوونی ئەسەد بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی واتادار و گونجاو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی وڵاتەکەی، بووە هۆی ئەوەی گرووپە چەکدارەکان چەندین ناوچەی گرنگ و ستراتیژی کۆنترۆڵ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ