رووسیا بۆ رووداو: سووریا بووەتە گۆڕەپانێک وڵاتانی رۆژئاوا تواناکانیان تێیدا تاقیدەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەی لە چەند رێگەیەکەوە لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا و رێگریکردن لە فراوانبوونی گرژییەکان. دەشڵێت، وڵاتانی رۆژئاوا وڵاتەکە وەکو گۆڕەپانێک بۆ تاقیکردنەوەی تواناکانیان بەکاردەهێنن.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا و رێگریکردن لە فراوانبوونی گرژییەکانی ئەو وڵاتە گوتی، "یەکەم، لە پەیوەندیی بەردەوام داین لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق، بەڵام نامەوێت وردەکارییەکەی بخەمەڕوو. دووەم، لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانمانەوە لە پەیوەندیی بەردەوام داین لەگەڵ وڵاتانی گەرەنتیکار ئەمەش شتێکە ئاماژەم پێیدا ئەمڕۆ. پەیوەندیی تەلەفۆنیمان هەیە و پلانی ژمارەیەک کۆبوونەوەشمان لە داهاتوودا بۆ ئەو مەبەستە هەیە."
گوتەبێژە رووسییەکە لەبارەی کاریگەریی وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر شەڕی سووریا و گرژییەکانی ئەو وڵاتە بۆ رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، "سووریا بووەتە گۆڕەپانیک کە تێیدا وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەت ئەمریکا تواناکانی خۆیانی تێدا تاقیدەکەنەوە."
زاخارۆڤا جەختی لەوەش کردەوە، "ئەو وڵاتانەی بەشێکن لە ئایدۆلۆجی وێرانکاری ناتۆ بوونەتە هۆی دروستکردنی گرووپی تیرۆرستی نێودەوڵەتی. ئەوان چەک و پارەیان بۆ دەنێرن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە ناوچەییەکانیان و لابردنی بەرپرسانی سووریا لە دەسەڵات. کاتێک لەوە شکستیان هێنا، دەستیان بە هەوڵدان بە شکستپێهێنانی بە شێوازی دیکە و لاوازکردنی کرد. دواتر، دەستیان بە دزینی سەرچاوەکانیان کرد."
لە رۆژی 27.11.2024ـەوە، گرژییەکانی سووریا زیادیان کردووە. ئەمە دوای ئەوە بوو کە دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی نزیکی هێرشیان کردە سەر پارێزگای حەلەب. ئەو گرووپە چەکدارانە توانیویانە زۆرینەی پارێزگاکە کۆنتۆڵبکەن و لە پێشڕەویش بەردەوامن.
ئێستا سووریا لەلایەن چوار دەستە و گرووپی جیاوازەوە کۆنترۆڵکراوە. زۆرترینی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەت و هێزە نزیکەکانیەتی، دوای ئەوە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و هێزە نزیکەکانیەتی و ئەوەی دیکەش لەژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریر شام و هێزەکانی نزیک لە تورکیایە.