رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی کارەباش گوتی، "لەدوای بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، کاژێرەکانی پێدانی کارەبا زیاد دەکەن."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 04ـی کانوونی یەکەمی 2024، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە پلەى گەرماى دوێنێ، کە بەرزترین پلە لەنێوان 14-18 پلەی سیلیزی بوو."
لەبارەی کەشوهەوای سبەی، کەشناسی پێشبینی دەکات: "ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، پاشان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور، پلەی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە."
هاوکات ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە مانگی 11دا، لە هەرێمی کوردستان 16 کاژێر و 13 خولەک کارەبای نیشتمانی هەبووە، بەپێی خواست لەوانەیە لە هەندێک ناوچە گەیشتبێتە 17 کاژێر."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، "لە کۆتاییەکانی مانگی 11 و سەرەتای مانگی 12 بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی سەرماوە بۆ هەرێمی کوردستان، خواست لەسەر کارەبا بووە بە دوو هێندە، بەو هۆیەوە کاژێری پێدانی کارەبا کەمیکردووە."
بە گوتەی ئومێد ئەحمەد، "توانای وەزارەتی کارەبا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا جێگیرە، هەموو ئەو بەرهەمانەی کە لەبەر دەستیانە خستوویانەتەگەڕ بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام زیادبوونی خواست بەشێوەیەکی بەرچاو، بووەتە هۆی کەمبوونی کارەبا لە هەموو هەرێمی کوردستان."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتی، "کاتێک پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە و خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا کەمدەبێتەوە، راستەوخۆ کاژێرەکانی کارەبا زیاددەبێت و ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت، پێدانی کارەبای نیشتمانی دەگاتە نزیکەی 16 کاژێر."
لە هەرێمی کوردستان 3500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت، لەکاتێکدا پێویستی بە زیاتر لە 6 هەزار و 500 مێگاواتە. ژمارەی هاوبەشانی کارەباش یەک ملیۆن و 900 هەزاری تێپەڕاندووە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم شێوەیە:
هەولێر : 17 پلەى سیلیزى
سلێمانى: 16 پلەى سیلیزى
دهۆک: 17 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 18 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 17 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 18 پلەى سیلیزى
سۆران: 15 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 6 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 18 پلەى سیلیزى
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ