هاوژینی زارا محەممەدی بە 11 ساڵ زیندانیکردن سزا درا

 
رووداو دیجیتاڵ

سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی لە شاری سنە، لەلایەن دەسەڵاتی دادی ئێرانەوە بە 11 ساڵ زیندانیکردن سزا درا.
 
سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی نۆژین، کە هاوژینی زارا محەممەدییە، لەلایەن لقی یەکی دادگەی شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی، بە تۆمەتی "دروستکردنی گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات" بە 10 ساڵ و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" بە یەک ساڵ زیندانیکردن سزا درا.
 
سەیوان ئیبراهیمی، لە پەیجی ئینستاگرامی خۆی رایگەیاندووە، سەپاندنی ئەو سزایە بەسەریدا بەهۆی "بەرپرسیارێتی لە ئەنجوومەنی نۆژین و چالاکییەکانی ئەم ئەنجوومەنە، پشتگیری لە خۆڕاگریی زارا محەممەدیی هاوژینی، بڵاوکردنەوەی وێنەی شەهیدان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ کەناڵی کورد تیڤی" بووە.
 
پێشتر لە 08-08-2023، ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی لە لقی 106ی دادگەی تاوانەکانی سنە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی بڕیاری ساڵێک زیندانیکردنی بۆ دەرکرابوو.
 
سەیوان ئیبراهیمی لە 03-01-2023 لەکاتی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی هاوژینەکەی، زارا محەممەدی، لەنێو دادگەی سنە دەستبەسەر کرا و دوای چەند رۆژێک بە کەفالەت ئازاد کرا، بەڵام جارێکی دیکە لە 18-01-2023 دەستبەسەر کرایەوە و دوای 27 رۆژ بە کەفالەت ئازاد کرایەوە.
 
ئەنجوومەنی نۆژین دەڵێت، "سەیوان ئیبراهیمی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەو رێکخراوە و مامۆستای زمانی کوردییە و چالاکییەکانی لەو بوارانەدا بووە". دەشڵێت، "چالاکییەکانی ئەو رێکخراوە بۆ چەسپاندنی مافە نەتەوەییەکان، لە نێویاندا مافی زمانیی کورد چالاکی کردووە و لەسەر چالاکییەکانی بەردەوام دەبێت."
 
لە یەک ساڵی رابردوودا ئیدریس مینبەری، سۆما پوورمحەممەدی، سروە پوورمحەممەدی، واران محەممەدنەژاد، ئازاد عەباسی، سروە رەحمانپوور و ئومید موشیرپەنایی، لە ئەندامانی بەڕێوەبەری و مامۆستایانی زمانیی کوردی ئەندامی ئەنجوومەنی نۆژین لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارێزگەی سنەوە دەستبەسەر کراون.
 
ئەنجوومەنی نۆژین ساڵی 2010 دامەزراوە و لە شار و گوندەکانی پارێزگای سنە کۆرسی فێرکردنی زمانی کوردی بەڕێوە دەبات.