لە هەشت مانگدا زیاتر لە 200 هەزار کەس لە رێگەی پەروێزخانەوە گەشتیان کردووە

04-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی پەروێزخان لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە هەشت مانگی رابردوودا زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار لە رێگەی دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە هاتووچۆیان کردووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 4ی کانوونی دووەمی 2023، رەزا قوربانی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی پەروێزخان رایگەیاند، ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو هاتووچۆی گەشتیاران لە دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە بە رێژەی 73٪ زیادی کردووە و لە ماوەی هەشت مانگدا (لە 21-3-2023 تاوەکو 21-11-2023) 204 هەزار و 266 گەشتیار لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە هاتووچۆیان کردووە.
 
رەزا قوربانی گوتی، لەو ماوەیەدا 108 هەزار و 268 کەس هاتوونەتە نێو ئێران و 95 هەزار و 998 کەسیش لە رێگەی دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە چوونەتە عێراق.
 
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە، 29-11-2023، عەلی ئەسغەر عەباسزادە، بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی کرماشان رایگەیاند، لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا، چوار ملیۆن و 878 هەزار و 24 تۆن کەلوپەل، کە بایی یەک ملیار و 975 ملیۆن و 903 هەزار دۆلار بووە لە گومرک و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکە هەناردە کراوە.
 
لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار دەروازەی سنووری هەن کە سیانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانە و دەروازەیەکی سنووریش لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقە.
 
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شووشمێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان و دەروازەی سنووری خوسرەویش دەکەوێتە سەر سنووری نێوان کرماشان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە