نەوت و کانزاکانی سلێمانی: ناردنی بەنزینی 750 دیناری لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان راگیراوە

04-12-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایدەگەیێنێت، بەهۆی کێشەی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای کار، ناردنی بەنزینی 750 دیناری بۆ هەرێمی کوردستان راگیراوە. دەشڵێت، تائێستا هیچ بڕە نەوتێکیان لەو نەوتە بەدەست نەگەیشتووە کە بڕیارە بەغدا بینێرێت.
 
سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی سووتەمەنی لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "ماوەی سێ رۆژە بەهۆی گرفتێک لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای کار، کە بەنزین بۆ پارێزگای موسڵ دابین دەکات و ئەو بەنزینەی حکومەت عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی دابین دەکات دەپاڵێوێت، پشکی هەرێمی کوردستان راگیراوە."
 
ئەندامەکەی لیژنەی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەشڵێت، ئەو بەنزینەی بە 750 دینار دابەش دەکرێت بەسەر شۆفێراندا، دوو بەشە، بەشێکی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین دەکرێت، ئەوە ئێستا راگیراوە و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەسەر هێڵە بۆئەوەی دەستپێبکاتەوە.
 
گوتیشی، بەشەکەی دیکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دابینی دەکات و رۆژانە لە هەردوو پاڵاوگەی قەیوان و لاناز، بەنزین بۆ پارێزگاکان دابین دەکرێت. بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین رۆژانە رێژەکەی دەگۆڕێت و لەنێوان 6 بۆ 7 تانکەری 36 هەزار لیتری بەنزین دێت، کە نزیکەی 215 بۆ 250 هەزار لیتر بەنزین دەکات.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بەنزین و نەوتەی دێت بۆ پارێزگای سلێمانی، رۆژانە لەلایەن بەشی تاقیگەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانییەوە پشکنینی بۆ دەکرێت و ئەگەر لە پشکنین دەرنەچێت دەگەڕێندرێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2023 د. عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز بە رووداوی راگەیاند، "لە سەرەتای مانگی 12وە نرخی بەرمیلێک نەوتی ماڵان لە 100 هەزار دینارەوە دەکرێتە 50 هەزار دینار و نەوت بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرن."
 
سەلام عومەر دەڵێت، "تائێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، نزیکەی 50%ی پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان کۆتایی هاتووە و نزیکەی 59 ملیۆن لیتر نەوتیان دابەشکردووە."
 
ئەندامەکەی لیژنەی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان گوتیشی، تائێستا بڕی 58 ملیۆن و 955 هەزار و 400 لیتر نەوتی سپییان بەسەر 294 هەزار و 777 خێزاندا دابەشکردووە، ئێستا پڕۆسەکە گەیشتووەتە نێو شاری سلێمانی.
 
لەبارەی شێوازی دابەشکردنی ئەو نەوتەی بڕیارە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دابینی بکات، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەڵێت،" تاوەکو ئێستا هیچ بەرچاوڕوونیەکمان نییە لەسەر ئەو نەوتە، بەڵام کە هات بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دیسانەوە لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست پێدەکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.