مەزڵووم عەبدی: دڵسۆزترین هاوپەیمانی ئەمریکاین لە سووریا

04-12-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت، هەموو ئەو دەستکەوتانەی لە چوارچێوەی کاری هاوبەشی هەسەدە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەدەستهێندراون، بەهۆی هێرشی تورکیاوە هەڕەشەیان لەسەرە؛ داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، "دەستبەجێ هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت" بۆ رێگەگرتن لە لەشکرکێشیی تورکیا و بەرەوپێشبردنی چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد.
 
رۆژی یەکشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2022، مەزڵووم عەبدی، ناسراو بە مەزڵووم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات -  هەسەدە گوتارێکی بە ناونیشانی "ئێمە دڵسۆزترین هاوپەیمانی ئەمریکاین؛ لەبیرمان مەکەن" لە رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی بڵاوکردەوە و تێیدا تیشک دەخاتە سەر چەند بابەتێک. هێرشەکانی تورکیا، پرسی کورد لە سووریا و هاندان بۆ دانوستاندنی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە و حکومەتی تورکیا تەوەری سەرەکیی گوتارەکەن.
 
لە بەشێکی گوتارەکەیدا بە گەڕانەوە بۆ کاتی شەڕی کۆبانێ، مەزڵووم عەبدی دەڵێت، لە ساڵی 2014 دا "جیهان بە زێدی من، کۆبانێ و گەلەکەم، کوردەکانی سووریا ئاشنا بوون، کاتێک ئێمە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی شەڕی داعشمان کرد و بەزاندمان. ئەو هاوپەیمانییەی لەوێ دروستمان کرد، بووە هۆی کۆتاییهێنان بە خەلافەتی داعش لە ساڵی 2019دا." بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، ئەمڕۆ، دیسانەوە کۆبانێ لەژێر هەڕەشەدایە و "هەموو دەستکەوتەکانی ئەو هاوبەشێتییەش لە مەترسیدان."
 
ئەمجارەیان، وەکو مەزڵووم دەڵێت، هەڕەشەکە لەلایەن داعشەوە نییە، بەڵکو لەلایەن هاوپەیمانێکی ئەمریکا و ئەندامێکی ناتۆوەیە و دەڵێت، "ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە حکومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆردوومان و تۆپبارانی شارەکانمان دەکات، خەڵکی سڤیل دەکوژێت، ژێرخانی گرنگی سڤیل تێکدەدات و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکاتە ئامانج."
 
"ئەو شوێنەی بەغدادی تێیدا دەسەڵاتدار بوو، ئێستا تێیدا ژنان سەرکردەی دیارن"
 
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات باس لەوە دەکات کە بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، شکستی سەربازیی داعش "هەرگیز تاکە ئامانجی ئێمە نەبووە"، بەڵکو وەکو خۆی دەڵێت، لە هەر قۆناخێکی شەڕەکەیاندا هەنگاویان بۆ نەهێشتنی ئایدۆلۆژیای پشت رێکخراوەکەوە ناوە، ئەوەش لەڕێگەی بونیاتنانی سیستمێک لەسەر بنەمای گشتگیری، فرەچەشنی و یەکسانی؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "لە رەققە رۆژانێک ئەبوبەکر بەغدادی دەسەڵاتدار بوو. ئێستا ژنانی سووریا لەو شوێنە سەرکردەی دیارن."
 
هەسەدە لە ساڵی 2015 بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دامەزرا؛ هاوپەیمانییەک کە لە کورد، عەرەب و ئاشوورییەکان پێکدێت و هەموویان بە تێکشکاندنی داعشەوە پابەندن. لەو بارەیەوە، مەزڵووم عەبدی دەڵێت، لە هەر شارێکدا کە کۆنترۆڵیان کردبێتەوە "خەڵکەکەمان بەڕێوەبەرایەتییەکی خۆجێیی تێدا دامەزراندووە کە بۆ یەکەمجار لە سووریادا نوێنەرایەتیی هەموو نەتەوە و ئایینەکان دەکات و دەسەڵاتی یەکسانیان بە ژنان بەخشیوە."
 
لەبارەی ئەو رەخنانەی سەبارەت بە "بەرجەستەنەکردنی ستانداردە دیموکراسییەکانی رۆژئاوا" ئاراستەیان دەکرێن، فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت، "سیستمەکەمان تەواو نییە و لە کاتێکدا دروستمان کرد کە لە جەنگ و لەژێر ئابڵوقەیەکی ئابووریی توونددا بووین."
 
مەزڵووم عەبدی دەڵێت، لەڕووی دەسەڵات و ئاسایشەوە "لە هەموو دەسەڵاتێکی دیکەی سووریا کاری باشترمان کردووە"؛ جەخت لەوەش دەکاتەوە کە هیچکام لەوانەش "بەبێ سەرکەوتنی کۆبانی و پاڵپشیی نێودەوڵەتی بۆ بەرخۆدانمان نەدەکرا."
 
"هەوڵی کوشتنم دراوە"
 
ئێستا، بە بڕوای فەرماندەی گشتیی هەسەدە، هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان هەموو ئەو دەستکەوتانە دەخاتە ژێر هەڕەشەیەکی نوێوە.
 
رۆژی 20-11-2022 سوپای تورکیا دەستی بە بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی رۆژئاوای کوردستان و چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کرد و ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بەناوی "چنگ – شمشێر" راگەیاند.
 
لەوبارەیەوە، مەزڵووم عەبدی دەڵێت، یەکێک لە بۆردوومانەکانی تورکیا بنکەیەکی نزیک شاری حەسەکەی کردە ئامانج، کە لەوێوە "لەگەڵ ئەمریکا کار دەکەم بۆ پلاندانانی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش." مەزڵووم عەبدی دەشڵێت، ئەو ناوچەیەی کرایە ئامانج هێزەکانی ئەمریکا کەمتر لە 100 مەتر لێیەوە دوور بوو و "پێموایە ئەوە هەوڵێک بوو بۆ کوشتنی من." جگە لەوەش ئاماژە بەوە دەکات، تورکیا ئەمساڵ ژمارەیەک هاوڕێی ئەوی لە ریزەکانی هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کردووەتە ئامانج.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە شێوەیەکی بەردەوام هەڕەشەی هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات و دوایین جار رۆژی 3ی کانوونی یەکەمی 2022 بوو کاتێک لە گوتارێکیدا لە شاری رووهای باکووری کودستان لەبەردەم هەزاران کەس رایگەیاند، لە بڕیاری دروستکردنی ناوچەی ئارام بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر "لە باشووری وڵاتەکەمان پاشەکشە ناکەین."
 
مەزڵووم کۆبانی لەو بارەیەوە دەڵێت، "جگە لە تیرۆر و هەڵمەتی بۆردوومانەکە، ئەردۆغان بەردەوامە لە هەڕەشەی لەشکرکێشیی زەمینی بۆ سەر خاکەکەمان. ئێمە دەزانین لێکەوتەی هێرشێکی لەو شێوەیە چی دەبێت، چونکە تورکیا پێشتر دوو جار ئەم کارەی کردووە."
 
لە ساڵی 2016وە بە هاوکاریی هێزە نزیکەکانی، تورکیا دوو ئۆپەراسیۆنی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەنجامداوە. لە سەرەتای ساڵی 2018 تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە چڵە زەیتوونیان دەستپێکرد و دەستیان بەسەر هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کورستاندا گرت و لە تشرینی یەکەمی 2019ش ئەو هێزانە هێرشیان کردە سەر سنووری سەرێکانی و گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەوانیشیان خستە ژێر دەسەڵاتیانەوە.
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنانە ئاماژە بەوە دەکات کە "سەتان هەزار کەسیان ئاوارە کرد و شەڕی دژی داعشیان پەکخست." ئێستاش، وەکو خۆی دەڵێت، دوای ساڵانێک لە دەسەڵاتی تورکیا، ئەم ناوچانە "بە ئاژاوەگێڕی، ناسەقامگیری، شەڕی نێوخۆ و بوونی تووندڕەوەکان بەدناون."
 
بەراوردێک لەنێوان دەسەڵاتی هەسەدە و تورکیا لە عەفرین
 
لە درێژەی گوتارەکەیدا، مەزڵووم عەبدی باس لەوە دەکات، لەو شوێنانەی سەردەمانێک "بەڕێوەبەرایەتییەکەمان پێکەوەژیانی نەتەوەیی، ئازادیی ئایینی و مافەکانی ژنانی دەپاراست، ئێستا هێزەکانی تورکیا و میلیشیاکانی نزیک لێی پێشێلکاریی لە قسە نەهاتوو بەرامبەر بە کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و ژنان ئەنجام دەدەن."
 
عەبدی باسی پێش هێرشی تورکیا بۆ سەر هەرێمی عەفرین دەکات و دەڵێت، لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتیی ئەواندا، عەفرین "تاکە بەشی باکووری رۆژئاوای سووریا بوو کە گرووپە پەڕگیرەکان دەستیان پێنەگەیشتبوو"، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، لەو کاتەوەی ناوچەکە کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی تورکیا، گرووپەکانی سەر بە قاعیدە "بە ئازادی لە خاکەکەی جموجۆڵ دەکەن". ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەر لەوێ، لە هاوینی ئەمساڵ، لە هێرشێکی درۆنیی ئەمریکادا، سەرکردەیەکی باڵای داعش بەناوی ماهر عەقال کوژرا.
 
هەسەدە "بە تووندی" تەقینەوەی ئیستەنبووڵ سەرکۆنە دەکات
 
رۆژی 13ی تشرینی دووەمی 2022، تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیستقلال لە ناوچەی بەیئۆغڵو لە ئیستەنبووڵ روویدا و لە ئەنجامدا شەش کەس کوژران و 81 کەسی دیکە بریندار بوون. رۆژێک دواتر تورکیا پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکرد و گوتی، "پەکەکە بەرپرس بووە لە ئەنجامدانی تەقینەوەکە" و دواتریش رایگەیاند، فەرمانی تەقینەوەکە "لە کۆبانێوە کراوە"؛ تۆمەتێک کە هەر زوو لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە، هەسەدە و پەکەکەوە رەتکرایەوە.
 
بەگوێرەی مەزڵووم عەبدی، تورکیا لە ئەنجامی هیچ کارێکی هەسەدەوە هەڕەشە لە گەلی رۆژئاوای کورستان و ئەو ئاسایش و سەقامگیرییە ناکات کە "ئێمە ئەوەندە قوربانیمان لەپێناودا داوە"، بەڵکو وەکو خۆی دەڵێت، ئەردۆغان "وەکو بیانوویەک بۆ شەڕ" هێزەکانی هەسەدە بە تێوەگلان لە تەقینەوەکەی ئەستەنبووڵ تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، "با بە روونی بڵێم: ئێمە ئەم کردەوە تیرۆریستییە سەرکۆنە دەکەین؛ هەموو تۆمەتەکانی سەبارەت بە تێوەگلانمان رەتدەکەینەوە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی قوربانییەکان دەکەین". هاوکات داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە دەکات و ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریی لێکۆڵینەوەکەش دەردەبڕێت.
 
"داوا لە هیچ کەسێک ناکەین شەڕمان بۆ بکات"
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا دەڵێت، "داوا لە هیچ کەسێک ناکەین شەڕمان بۆ بکات. هێشتا گەلەکەم لێرەیە لەبەر ئەوەی پێشتر بێشومار بە تەنیا بەرخۆدانمان داوە؛" دووپاتیشی دەکاتەوە کە ئەگەر ناچار بن، جارێکی دیکە بەرخۆدان دەکەنەوە. بەڵام دەشڵێت، "ئەوەی ئێمە داوای دەکەین جیهان لە ئەرکێکی قورستردا لەگەڵمان بێت: کە ئەویش ئاشتییە."
 
بە بڕوای مەزڵووم عەبدی، رەگ و ریشەی ئەو ململانێیانەی "ئەوەندە ئازار و مەینەتییان" بۆ رۆژئاوای کوردستان هێناوە، سیاسین و دەشڵێت، هیچ رق و کینەیەک لە نێوان گەلی کورد و تورکدا نییە، بەڵام "سەرکردەکانی تورکیا ئەمەیان بە سیاسی کردووە بۆئەوەی کورد وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی ببینن و لە مافە بنەڕەتییە دیموکراسییەکانمان بێبەش بکەن."
 
دانوستاندن لەگەڵ پەکەکە بە رێگەچارە دەزانێت
 
پێش 2015 حکومەتی تورکیا دانوستاندنی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە کرد بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی چەکداریی نێوان پەکەکە و تورکیا و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە رێگەی ئاشتییانە.
 
مەزڵووم عەبدی دەڵێت، کاتێک ئەو گفتوگۆیانە دەکران، "ئێمە لەگەڵ دراوسێ تورکەکانمان بە ئاشتی دەژیاین،" ئەگەر دانوستاندنەکان دەستپێبکەنەوە، "ئێمەش دەتوانین جارێکی دیکە لە ئاشتیدا بژین."
 
عەبدی باس لەوەش دەکات کە کاتێک رۆژئاوای کوردستان لە ساڵی 2019 دا لەژێر هەڕەشەدا بوو، "پەکەکە پێشنیازی کرد دابنیشن و بەدوای چارەسەری سیاسیدا بگەڕێن،" بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، بانگەوازەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان بێ وەڵام مایەوە و چەند مانگێک دوای ئەوە، تورکیا "دوو شارەکەی ئێمەی داگیرکرد و دەستی بەسەریاندا گرت" کە سەرێ کانێ و گرێ سپی بوون.
 
مەزڵووم عەبدی دەڵێت، ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی "بە تووندی" دژی لەشکرکێشییەکانی تورکیا بوەستابایەوە و "لەپێناو ئاشتیدا هەڵوێستی نواندبا، رەنگە شتەکان زۆر جیاوازتر بوونایە،" بەڵام وەکو خۆیشی دەڵێت، هەرچەندە کەس ناتوانێت کات بگەڕێنێتەوە دواوە، "دەتوانین لە تراژیدییەکانی رابردووەوە فێربین."
 
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، فەرماندە کوردەکەی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، ئەوان ئامادەن "رۆڵێکی یارمەتیدەر" بگێڕن لە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی نێوان پەکەکە و تورکیا و "گەیشتن بەو ئاشتییەی کە خەباتی بۆ دەکەین". داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات "دەستبەجێ هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت" بۆ پێشگرتن لە لەشکرکێشیی تورکیا و بەرەوپێشبردنی چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد لەسەر بنەمای دیموکراسی و پێکەوەژیان و مافی یەکسان، چونکە "بوونی گەلەکەمان و ئاسایشی ناوچەکەش بەمەوە بەندە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە