یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان: سنووردارکردنی پلە بەرزکردنەوە ستەمە لە مامۆستایان و فەرمانبەران

 
رووداو دیجیتاڵ

ماوەی چەند رۆژێکە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی مامۆستایان دژی هەوڵێکی حکومەت بۆ مەرجدارکردنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستی پێکردووە؛ جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، "پێشنیازی حکومەت بۆ مەرجدارکردنی پلەبەرزکردنەوە، زوڵم و ستەمێکی گەورەیە بەرامبەر مامۆستایان و فەرمانبەران."
 
عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "کێشەمان لەگەڵ حکومەت ئەوەیە کە گوێ بۆ داواکارییەکانمان ناگرێت و ئامادە نییە لە نزیکەوە قسە لەگەڵ چین و توێژەکاندا بکات، یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رێکخراوێکی پیشەیی دانپێدانراوە لەلایەن پەرلەمانی کوردستان و نوێنەرایەتیی سەرجەم مامۆستایانی باشووری کوردستان دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە نییە گوێ لە داواکارییەکانی مامۆستایان بگرێت، کەچی لە بۆنە و یادەکاندا بە شان و باڵی مامۆستایاندا هەڵدەدەن."
 
جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان گوتیشی، "ئێمە پاشەکەوتی مووچەی چەند ساڵێکمان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە، تاوەکو ئێستا نازانین چارەنووسی ئەو مافەمان کە لای حکومەتە چی لێدێت و کەی پێمان دەدرێتەوە. هەروەک ماوەی حەوت ساڵ دەبێت حکومەت پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی بە شێوەیەکی نایاسایی راگرتووە و ئێستاش دەیەوێت پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران سنووردار بکات و بیبەستێتەوە بە چالاکییەوە."
 
عەتا ئەحمەد باسی لەوەش کرد، تەنیا لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا "زیاتر لە 130 هەزار مامۆستا هەیە، چۆن دەکرێت لەڕێگەی لیژنەوە هەڵسەنگاندن بۆ پلە بەرزکردنەوەی ئەو هەموو مامۆستایە بکرێت، روون نییە شێواز و رێکارەکانی پلە بەرزکردنەوە چۆنن و دوور دەبێت لە دەستوەردان و میزاجی کەسی لە کاتێکدا پلە بەرزکردنەوە بۆ سەرۆکایەتییەکان و هێزە ئەمنییەکان و دادوەرەکان دەستیپێکردووەتەوە."
 
سەبارەت بە هەڵوێستی یەکێتیی مامۆستایان لەسەر بڕیارەکەی حکومەت بۆ پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بە شێوەی مەرجدار، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان گوتی، "پێشنیازەکەی حکومەت نایاساییە و ئێمە پرسیار و راوێژمان لەگەڵ یاساناسان کردووە کە دەکرێت و دەتوانرێت لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا لەسەر ئەو بڕیارە تۆمار بکەین، بەڵام ئەم هەنگاوەمان پێ باش نییە، چونکە بڕیارەکەی حکومەت پێچەوانەی یاسا و رێنوێنییەکانی خۆیەتی."