نوێنەری خانەقین لە پەرلەمانی عێراق: هەوڵێک هەیە بۆ گەڕاندنەوەی عەرەبی هاوردە بۆ خانەقین

 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری خانەقین لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەوڵ هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو عەرەبە هاوردانەی دوای وەرگرتنی قەرەبوو گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان. دەشڵێت، "هەوڵدان هەیە بۆ گواستنەوەی ناسنامە بۆ خانەقین و هەموو ئەوانەش بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیاکەیەتی."
 
رۆژی یەکشەممە 04-12-2022، سۆزان مەنسوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دۆخی ئەمنیی خانەقین باشە؛ بەڵام کێشەی دیکە هەیە و تائێستا دوو فەرمانگەیی هەن؛ لەوانە دوو فەرمانگەی کارەبا؛ دوو پەروەردە و دوو شارەوانی، یەکێک سەر بە عێراقە و ئەوی دیکەش سەر بە هەرێمی کوردستانە."
 
نوێنەری خانەقینییەکان لە پەرلەمانی عیراق دەشڵێت، بەردەوامە لە هەوڵدان بۆئەوەی هاوئاهەنگی لەنێوان ئەو دوو فەرمانگەیانەدا هەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد، "80%ی پاککردنەوەی شاری خانەقین خراوەتە ئەستۆی ئەو شارەوانییەی سەر بە هەرێمی کوردستانە؛ لەگەڵ هەردوو لایەنیان کۆبوومەوە بۆئەوەی شارەوانییەکەی دیکە زیاتر هاوکارییان بکات."
 
سۆران مەنسوور دەشڵێت، حکومەتی عێراق وەکو پێویست خزمەتی خانەقینی نەکردووە. بە گوتەی ئەو، لەدوای ساڵی 2003وە لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا هیچ بڕە پارەیەکی تایبەت بۆ خانەقین تەرخان نەکراوە.
 
سەبارەت بە پرۆسەی تەعریب لە شارەکەدا، نوێنەرەکەی خانەقین گوتی، "هەوڵێکی نوێ هەیە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای خانەقین. ئەو عەرەبە هاوردانەی دوای رووخانی بەعس قەرەبوویان وەرگرت و گەڕانەوە شوێنی خۆیان؛ ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ خانەقین؛ هەوڵ هەیە کەسانێکی زۆر ناسنامەیان بگوازرێتەوە سەر خانەقین."
 
بە گوتەی سۆزان مەنسوور، ئامانجەکە گۆڕینی دیمۆگرافیای خانەقینە، بەڵام گوتی ئەوان بێدەنگ نابن و رێگە لەو کارە دەگرن.
 
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، بە گەڕانەوەی عەرەبی هاوردە، کێشە بۆ جووتیارانی سنووری خانەقین دروست دەبێت، "بۆ پشتیوانیی جووتیارانی خانەقین بە نووسراو وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و پەرلەمانیشم ئاگادار کردووەتەوە لە ئەگەری دروستکردنی کێشە بۆ جووتیاران و بەردەوام دەبم لە بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان."
 
خانەقین شارێکی باشووری کوردستانە؛ لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە؛ کورد، عەرەب و تورکمان لە شارەکەدان، سۆزان مەنسوور دەڵێت، "ئێستاش کورد هەر زۆرینەی خانەقینە و مێژووش کوردستانیبوونی شارەکەی سەلماندووە."