جەبار یاوەر: لەگەڵ عێراق رێککەوتین ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەین

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە، جەبار یاوەر لەوبارەوە گوتی، لە بەیانیەوە لە سنووری چوار میحوەر ژووری هاوبەش چالاک دەکرێن، ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دەکرێن بۆ قەڵاچۆکردنی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان بەڕێوەدەچن.
 
رۆژی شەممە 04-12-2021 جەبار یاوەر، ئەمنیداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە کە سەرۆکایەتیی شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگەی دەکرد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سبەینێوە فەرماندەی هەردوولا لە کەرکووک و دیالە کۆبوونەوەکان دەستپێدەکەنەوە بۆ دەستکردن بە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و راوەدوونانی داعش. 
 
جەبار یاوەر گوتیشی، "ئەمڕۆ رێککەوتنێکی کرداریی و مەیدانی لە نێوان شاندی وەزارەتی پێشمەرگە، کە فەرمادەی میحوەرەکانی لەنێودابوون لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای عێراق و بە ئامادەبوونی هاوپەیمانان لەسەر کاری هاوبەشی سەربازیی بە مەیدانی لەو سنوورانە بۆ راوەدوونانی داعش رێککەوتین".
 
شاندەکە لەلایەن فەریق روکن عەبدولئەمیر شەممەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پێشوازییان لێکرا و بەپێی راگەیێندراوێکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، کۆبوونەوەکە بە مەبەستی تاوتوێکردنی هاوئاهەنگیی ئەمنی لەو ناوچانەی جێگەی بایەخی ئەمنیی هاوبەشن، هەروەها دانانی پلانێکی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەلامارەکانی چەکدارانی داعش.
 
لە کەمتر هەفتەیەکدا داعش چوار هێرشی لە سنوورەکانی گەرمیان و مەخموور ئەنجامداوە. بۆ رێگریکردن لە هێرشی هاوشێوە، لە سنووری گەرمیان پێشمەرگە سەنگەرەکانی بەهێزکردووە. هەروەها لە گوندی خدرجیجیە هێزی پێشمەرگە جێگیرکراون.
 
بە گوتەی جەبار یاوەر رێککەوتنەکە لەبارەی ئەنجامدانی "ئۆپەراسیۆن، کەمین و گەڕانی هاوبەشەوە" کراوە.
 
جەبار یاوەر دەڵێت، کۆبوونەوەکانی سبەی یەکشەممە لە کەرکووک و ناوچەکانی دیالە بەڕێوەدەچن. دەشڵێت، لەمەودوا "پێشمەرگە و سوپای عێراق بە کردار لەو ناوچانە کاری هاوبەش دەکەن".
 
بەرپرسانی پێشمەرگە زیاتربوونی هێرشەکانی داعش دەگەڕێننەوە بۆ ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە دروستبوون.
 
بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان لیوایەک لە هەرێمی کورستان و لیوایەک لە عێراق پێکهێنراون. بەگوتەی جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، هەردوو لیواکە لە مەشقدان و بڕیارە لەم مانگەدا مەشقی تێکەڵ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەربگرن و دواتر دابەشی ئەو شوێنانە بکرێن کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەبار یاوەر ئاماژەی بەوە دا، هۆکاری سەرەکیی چالاکییەکانی داعش لەو ناوچانە بەهۆی ئەوە بووە کە رێککەوتنی پێشووی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق جێبەجێنەکراون و ئەمەش دەرفەتی لە بەردەم داعش کردووەتەوە.