رووداو دیجیتاڵ
ئەو کەسانەی لە دەروازەی باشماخەوە سەردانی ئێران دەکەن 60 هەزار دیناریان بۆ پشکنینی کۆرۆنا لێ وەردەگیرێت، پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج رایگەیاند، لەسەر داوای ئەو پشکنینەکان وەستاون، بەڵام پەرلەمانتارێکی گۆڕان رەتیکردەوە. پەرلەمانتارەکەی پارتیش پێی وایە، رانەگرتنی ئەو پشکنینانە رەنگدانەوەی ململانێ نێوخۆییەکانی گۆڕانە.
لیزا فەلەکەدین، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان کە پرسیارەکەی لە وەزیری دارایی و وەڵامەکەی بە بەڵگە بڵاوکردووەتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاتێک لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو گوتویەتی پشکنین راگیراوە، پشتی بەو بەڵگانە بەستووە.
لیزا فەلەکەدین بە رووداوی گوت، وەڵامی وەزیری دارایی و ئاشکرابوونی راستیی بابەتەکە هۆکارێک بوو کە پرسیاری ئەوەم لا دروست بێت "ئایا دەکرێت بەڕێزیان بە راستەوخۆ یان بە ناڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەریی فشاری ئەو کۆمپانیایە دابێت بۆ شاردنەوەی راستییەکان و چاوپۆشیکردن لەو بەهەدەردانە و خاڵی کردنی گیرفانی هاوڵاتیان؟" دەشڵێت، "هیوادارم وا نەبێت".
پەرلەمانتارەکەی پارتی پێی وایە، ئەو بابەتە جارێکی دیکە بووە "ئاوێنەی ململانێ نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و بە ئاشکرا دەریخست کە پارێزگاری سلێمانی، قایمقامی پێنجوێن و بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی باشماخ کار بە نووسراوی وەزیری دارایی ناکەن و بە هەندی وەرناگرن". دەشپرسێت "ئایا مەبەستیان شکاندنەوەی یەکدییە یاخود راستی دیکە لەپشت ئەم حساب بۆ یەکدی نەکردنەدایە؟"
لیزا فەلەکەدین دەشڵێت، وەکو ئەندام پەرلەمانێک لەسەر ئەو بابەتە بێدەنگ نابێت و بەردەوام دەبێت، "بە بەڵگەوە راستییەکان دەخەمەڕوو و رووی راستەقینەی ئەوانەش ئاشکرا دەکەم کە چۆن بوونەتە بەرپرسیاری یەکەم لە بەهەدەردانی داهاتی خاڵە سنوورییەکان و بە رۆژ بانگەشەی چاکسازی ئەکەن و بە شەو دەبنە سەر قافڵەی قاچاخ".
لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج چی روویدا؟
لیزا فەلەکەدین، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرنامەکەدا رایگەیاند، "کۆمپانیایەک 60 هەزاری لە خەڵکی وەردەگرت بە ناوی پشکنینی کۆرۆناوە، بەڵام هاووڵاتییەک گلەیی دەکرد کە 100 رۆژ دوای پشکنین، هێشتا ئەنجامەکەی وەرنەگرتووەتەوە".
عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەو پشکنینە هێشتا بەردەوامە و "هیچ کەسێک ئەنجامی پشکنینەکەی وەرناگرێتەوە". لە کاتێکدا لیزا فەلەکەدین کاکەیی نووسراوێکی وەزیری دارایی پێشانی میوانەکانی بەرنامەی لەگەڵ رەنج و عەلی حەمە ساڵح دا کە دوای ئەوەی داوای روونکردنەوەی کردووە لەسەر ئەو پرسە پێیان گوتووە کە "راگیراوە".
عەلی حەمە ساڵح لەنێو بەرنامەکەدا پەیوەندیی بە شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخەوە کرد و پرسیاری لێکرد کە پشکنین راگیراوە؟ لە وەڵامدا ئەو بەڕێوەبەرە گوتی "نەخێر.. نەخێر".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ