رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی سلێمانی دەڵێت، فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ 116 مامۆستای گرێبەست دەرچوو، دوای تەواوکردنی رێکارەکانی بایۆمەتری دەتوانن دەوام بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 4 تشرینی دووەمی 2024، یۆهان عوسمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 116 مامۆستای وانەبێژ لە زانکۆی سلێمانی هەن و فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەرچووە.
لە زانکۆی سلێمانی 21 کۆلێژ و 84 بەش هەن، بەپێی پسپۆڕیی مامۆستایان لەم بەشانە وانە دەڵێنەوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی گوتی: "پسپۆڕی ئەم مامۆستایانە زیاتر لە بواری زانستییە."
رۆژی چوارشەممە، 30ی تشرینی یەکەم، سەرکەوت رەشید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک، وەک یەکەم زانکۆ فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ 567 مامۆستای وانەبێژ دەرکرد کە کراون بە گرێبەست و لە 43 بەشی زانکۆ و پەیمانگەکانی پۆلیتەکنیکی دهۆک وانە دەڵێنەوە."
رۆژی دواتر، 31ی تشرینی یەکەم، سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرۆکایەتیی زانکۆ ناوی سەرجەم ئەو وانەبێژانەی کە بوونەتە گرێبەست بە لیست بۆ کۆلێژەکانی ناردووە کە 32 مامۆستان."
وانەبێژانی خوێندنی باڵا ژمارەیان 4 هەزار و 14 مامۆستایە.
02ـی تشرینی یەکەمی 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مامۆستایانی وانەبێژی خوێندنی باڵا دەکرێنە گرێبەست.
کەمترین مووچەی وانەبێژی خوێندنی باڵا بەگوێرەی بڕوانامەکانیان 500 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان یەک ملیۆن و 250 هەزار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ