یەکگرتوو کۆنگرە دەبەستێ و دوو سیناریۆ بۆ ئەمینداری گشتی هەن

04-11-2024
هیوا جەمال
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە بەر لە کۆتایی ئەم ساڵ، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان نۆیەمین کۆنگرەی ببەستێت، ئێستا جۆرێک لە کۆدەنگیی بۆ هەڵبژاردنەوەی سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی حیزبەکە لەئارادایە.
 
لە رۆژی دووشەممە (04/11/2024) لیژنەکانی ئامادەکاریی کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەستبەکار دەبن، بەگوێرەی زانیارییەکان، 5-6 لیژنەیە، گرنگترین و هەستیارترینیان لیژنەی نووسینەوەی پەیڕەو و پرۆگرامی یەکگرتووە.
 
لەدوایین کۆبوونەوەیدا ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بڕیاریدا بەر لە کۆتایی ساڵ (2024) کۆنگرەی حیزبەکە بەڕێوەببەن.
 
تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستی فەرمی، هەڵبژاردنەوەی سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، بۆ ئەمیندار گەنگەشە نەکراوە، بەڵام بە گوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ئەمیندار دەتوانێت دوو خولی یەک لەدوای یەک خۆی هەڵبژێرێت، بەگوێرەی پەیڕەو، ئەمینداری ئێستای حیزبەکە یارای خۆ هەڵبژاردنەوەی نییە، چونکە دوو خولی لەدوای یەکە هەڵبژێردراوە.
 
سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، لە خولی 2016-2019 و لە 2019 -2024، ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بووە، پێشتر ماوە دیارینەکرابوو، لە دوای راگەیاندنی حیزبەکە لە ساڵی 1994 تاوەکو ساڵی 2012 سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداربووە، واتە نزیکەی 18 ساڵ بەسەر یەکەوە، کە دەکاتە لانیکەم 4 خولی هەڵبژاردن.
 
هەموو ئەو بەرپرسانەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال لەبارەی کۆنگرەی داهاتوو گفتوگۆی لەگەڵ کردوون، هەڵبژاردنەوەی سەلاحەدین بەهائەدین رەتناکەنەوە، بەڵام دەڵێن "دەبێت کۆنگرە بڕیاربدات".
 
 
لە کۆنگرەدا هەمووان پلەکانیان لەدەست دەدەن، دەبنە ئەندامی کۆنگرە، پێکەوە گەنگەشەی دەکەن و دەبنە لیژنەی جیاجیا، هەر یەک بۆ کارێک، یەک لە لیژنەکان تاوتوێکردنی پەیڕەو و پرۆگرامی حیزبەکەیە، بەگوێرەی رێکارەکانی کۆنگرە، سەرەتا پەیڕەو و پرۆگرام پەسەند دەکرێت و پاشان سەرکردایەتی و ئەمیندار و پۆستەکانی دیکە هەڵدەبژێردرێن.
 
دوو سیناریۆ بۆ هەڵبژاردنەوەی سەلاحەدین محەممەد بەهادین باسدەکرێت، دەشێت هەردووکیان ببرێنە کۆنگرە و ببنە جێگەی گفتوگۆ.
 
سیناریۆی ئەمیندار
 
لەم سیناریۆیەدا پێویستە لەکاتی نووسینەوەی پەیڕەوی نوێی حیزبەکە، مادەیەک جێی بکرێتەوە بۆ رێگەدان بە سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین تاوەکو مافی هەبێ جارێکی دیکە ببێتەوە ئەمیندار، بۆنمونە، ماوە ( کات) لە مەرجەکانی ئەمیندار هەڵبگیرێت، یان لە دوو خول زیاتر بکرێت و ماوەی ئەمیندارێتیی بکرێتە سێ خول، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت ماوەی یەک خول زیاد بکرێت، لە چوار ساڵەوە بکرێت پێنج ساڵ.
 
سیناریۆی پۆست ئەمیندار
 
لەم سیناریۆیەدا، کۆنگرە دەتوانێت پۆستێکی نوێ بۆ ئەمیندار دیاری بکات، ( پۆست ئەمیندار) پلەیەک لە ئەمیندار باڵاتر بە جۆرێک دەسەڵاتی بەسەر یەکگرتوو هەبێت، هەروەها دەسەڵاتی لەسەرووی دەسەڵاتی ئەمیندار بێت، دەکرێت جگە لە ئەنجوومەنی باڵای چاودێری و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنێکی دیکە دروستبکرێت، سەلاحەدین بەهائەدین سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بێت، ئەنجوومەنەکە باڵادەستترینی حیزب بێت، هەندێ وای پێشنیاز دەکەن، تەنیا پۆستێک زیادبکرێت بۆ سەلاحەدین بەهائەدین ئیدی پێویستی بە ئەنجوومەن نییە، وەکو چۆن پێشتر کۆمەڵی دادگەریی، پێشەوا و ئەمیری هەبوو.
 
تاوەکو ئێستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بۆچوونی خۆی لەو بارەیەوە ئاشکرا نەکردووە، هەندێک دەڵێن باسی پۆستەکەی لەهیچ کوێ نەکردووە، تەنیا ئەوەی لەقسەکانی دەخوێندرێتەوە، بوونی پابەندێتی حیزبییە بە یەکگرتوو.
 
سەلاحەدین بەهائەدین لەهەموو کۆنگرەکاندا، بە هەڵبژاردن و دەنگدان دەرچووە، لە زۆربەی کۆنگرەکانی پێشوو رکابەری هەبووە، بۆنموونە لە کۆنگرەی رابردوو ساڵی 2019 سێ بەربژێر هەبوون؛ ئەبوبەکر کاروانی، محەممەد فەرەج و سەلاحەدین بەهائەدین، لە گەڕی یەکەمدا محەممەد فەرەج چووە دەرەوەی بازنەکە و رکابەریی لەنێوان ئەبوبەکر کاروانی و سەلاحەدین بەهائەدین مایەوە، دواتر سەلاحەدین بەهائەدین هەڵبژێردرا.
 
بەگوێرە خۆبەربژێرکردنی خولەکانی پێشوو، هەروەها ئەوانەی جاروبار باسیان کراوە، بەردەوام لە کۆنگرەکاندا رووناکی دەچێتە سەر هەندێکیان کاتێک باسی ئەمیندار دەکرێت، بە کردارەکیش هەندێکیان بوونە بەربژێر، ئەوانەی وەکو رکابەر باسدەکرێن، جگە لە ئەمینداری ئێستا، هادی عەلی، عومەر عەبدولعەزیز، محەممەد رەئووف، ئەبوبەکر کاروانی و محەممەد فەرەج.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە