ئاکپارتی لەبارەی دانانی قەییومەوە: دەستوورمان جێبەجێکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی لەبارەی دانانی قەییوم لەسەر گەورەشارەوانیی مێردین و شارەوانییەکانی ئێلیهـ و خەلفەتی رایگەیاند، کە بڕگەی 127ی دەستوور جێبەجێکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 4-11-2024 وەزارەتی نێوخۆی تورکیا سێ سەرۆکشارەوانیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ی لەکارلادان و قەییومی خستە شوێنیان، ئەمەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.
خۆپێشاندان و گرژی لە شارەوانییە قەییومکراوەکان دەستیپێکرد و دەم پارتی پێداگرە لەسەر ئەوەی گۆڕەپانەکان چۆڵناکات تا ئەوکاتەی حکومەت لە بڕیارەکەی پاشگەزدەبێتەوە.
عەبدوڵڵا گولەر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی رایگەیاند، "مادەی 127ی دەستوور جێبەجێکرا. لێکۆڵینەوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەگەڵ ئەو سەرۆکشارەوانیانە هەیە. سزای زیندانیی 10 ساڵ بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین، زیاتر لە شەش ساڵ بۆ سەرۆکشارەوانیی ئێلیهـ و سەرۆکشارەوانیی خەلفەتی دراوە. بێگومان لە دادگەی تێهەڵچوونەوەیە. لە چوارچێوەی یاسای شارەوانییەکان هەڵسەنگاندن بۆ کەیسەکان دەکرێت. یان سزاکان پشتڕاست دەبنەوە، یان ئازاد دەکرێن".
لە بەشێکی مادەی 127ی دەستووری تورکیادا هاتووە، ئیدارە خۆجێیەکان لەسەر بنەمای خزمەتکردنی خەڵکی شار و گوندەکان دانراون و بەڕێوەبەرانیشی لەسەر بنەمای یاسایی و بڕیاری ئۆرگانەکان، لە هەڵبژاردنی خۆجێیدا هەڵدەبژێردرێن.