چاکسازیی گەورانی سلێمانی دەنگۆی هەڵاتنی دوو سزادراو رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
چاکسازیی گەورانی سلێمانی ئەو دەنگۆیەی باس لە هەڵاتنی دوو تۆمەتبار دەکات، رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "هیچ سزادراوێکی چاکسازیی گەوران راینەکردووە".
 
دەنگۆکە بەم جۆرە بوو کە دوو سزادراوی چاکسازییەکە لەکاتی گواستنەوەیان بۆ دادگەی سلێمانی، بە هاوکاری چەند کەسێکی دیکە هەڵاتوون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، چاکسازیی گەورانی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "سەبارەت بە چەند هەواڵێک کە لە چەند کەناڵێکی راگەیاندن و چەند سایتێک بڵاوکراونەتەوە، لەبارەی راکردنی (چەند سزادراوێکی چاکسازیی گەوران) کە بەمادەی تیرۆر سزادراوان سەرلەبەری ئەم هەواڵە رەتدەکەینەوە و دوورە لە راستیەوە".
 
رۆژی پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، زیندانییەک لە چاکسازییەکە هەڵاتووە و لە جێگەی خۆی برایەکی لە زیندان جێهێشتووە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن؛ هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەر سێ شارەکەدا هەن و بەگشتی زیاتر لە 5,000 هەزار کەس تێیاندا سزاکانیان بەسەر دەبەن.