سەرۆک بارزانی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت: پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك نییە

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی ئەمریکا کرد، لەبارەی پێکهێنانی حکومەت گوتی، شاندێکیان بۆ گفتوگۆ پێکهێناوە و ڤیتۆیان لەسەر هیچ لایەنێک نییە.
 
سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەمڕۆ دووشەممە، 04-11-2024، لە پیرمام پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد و کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، ستێڤ بیتنەر، كۆنسووڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێریش ئامادەی بوو.
 
بارەگای بارزانی دەڵێت، باڵیۆزی ئەمریكا "پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی بیستی ئۆكتۆبەری رابردووی پەرلەمانی كوردستانی لە سەرۆک بارزانی كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كەشێكی دیموكراسیانە و ئارامدا و لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێ، وێنەیەكی شاییستەی هەرێمی كوردستانی پێشانی هەموو لایەك دا".
 
سەرۆک بارزانی "سوپاسی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كرد كە سەرباری بوونی كۆمەڵێك كێشەی تەكنیكی، بەڵام رۆڵی بەرچاویان لە سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا هەبووە". 
 
لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، کە لە بەشێکی دیدارەکەدا گفتوگۆی لەبارەوە کرا، سەرۆک بارزانی رایگەیاند پارتی تیمێكی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەت و ئەجێندای حكومەتی داهاتوو پێكهێناوە و راشیگەیاند "پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك نییە".
 
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، "رۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا".

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە