هەموو شتێک لەبارەی ئەو زەوییانەی لە هەولێر دەدرێنە فەرمانبەران
رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر 5000 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکران، کە سەرجەمیان 200 مەترین و دەکەونە باکووری شاری هەولێر.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کە ئەمڕۆ دووشەممە 04-11-2024 لە سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستیکەوتووە، ئەو 5000 پارچە زەوییە بۆ فەرمانبەران بڕیاری لەسەر درابوو، دابەشکراون و سەرجەمیان 200 مەترین، ئێستا خاوەن زەوییەکان دەتوانن مامەڵە بۆ بەناوکردنی زەوییەکان بکەن.
زەوییەکان دەکەونە باکووری شاری هەولێر، لەنزیک کۆمەڵگەی شاوێس، ئاوەڕۆ و هەموو خزمەتگوازییەکانی بۆ دەچێت و ئاوی خواردنەوەشیان لە ئیفراز چواری هەولێرەوە بۆ رادەکێشرێت، کە نزیکە لە شوێنەکەوە.
رووبەری زەوییەکان 200 مەترە و شەقامەکانی 12 مەتر، 20 مەتر و 30 مەترین.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، "ئەمە قۆناخی یەکەمی دابەشکردنەکەیە و لە چەند رۆژی داهاتوودا تیروپشک بۆ قۆناخی دووەمیش دەکرێت." دابەشکردنی زەوی لە هەولێر، 70 هەزار کەس دەگرێتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 27-03-2024 بڕیاری دابەشکردنی زەویی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
بڕیاری دابەشکردنەکە لە 28ی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە. دابەشکردنەکە بە شێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.