رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەبارەی نەچوونی بەربژێرە دەرچووەکانی بۆ پەرلەمان بڕیاری کۆتایی داوە، بەڵام ئەو حیزبە ئامادە نییە نووسراو بۆ کۆمیسیۆن بکات. ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵا دەڵێت: "ئێمە رانەسپێردراوین بەوەی نووسراو بکەین."
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان تەنیا سێ کورسی بەدەستهێنا، لەکاتێکدا لە خولی پێنجەمدا حەوت کورسی هەبوو.
کۆمەڵی دادگەری پێیوایە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکەدا کراوە و دەنگەکانی زۆر زیاترە لەو دەنگانەی کە بۆی هەژمار کراوە و تانەی لە ئەنجامەکە داوە.
ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵا: چاوەڕێی وەڵامی تانەکانین
ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان دەڵێت: "لەبارەی نەچوونمان بۆ پەرلەمان، نووسراومان بۆ کۆمیسیۆن نەکردووە، چونکە هێشتا بەدواداچوون بۆ ئاشکراکردنی ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن دەکەین."
فارووق عەلی بە رووداوی گوت: "ئێستا چاوەڕێی کۆمیسیۆنین بۆ ئەوەی وەڵامی تانەکان بداتەوە، ئەگەر وەڵامەکەش بە خواستی ئێمە نەبێت، هەنگاوی دیکەمان دەبێت."
شوان رابەر: نووسراو بۆ کۆمیسیۆن نانێرین
شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەرییە، ئەو لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی هەولێر بەربژێری کۆمەڵی دادگەری بوو، بەڵام دەرنەچوو.
شوان رابەر بە رووداوی گوت: "لەبارەی نەچوونمان بۆ پەرلەمان، نووسراو بۆ کۆمیسیۆن نانێرین و پابەندیش نەکراوین بە نووسراو ناردن."
هاوکات فارووق عەلی دەڵێت: "نازانین پەرلەمان کۆدەبێتەوە یان نا، هەرکات روونبووەوە ئێمە هەنگاوی خۆمان دەنێین."
"ژمارەیەک لایەنی سیاسی داوایان لێکردین پاشگەزبینەوە"
بەگوتەی شوان رابەر، ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان داوایان لێکردوون لە بڕیارەکەیان پاشگەز ببنەوە و بچنە پەرلەمان، ''بەڵام بڕیاری نەچوونی بەربژێرە دەرچووەکانمان بۆ پەرلەمان، بڕیارێکی سەرکردایەتییە و بە زۆرینەی دەنگ پەسندکراوە، کە هەموومان پێیەوە پابەندین و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە.''
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری گوتیشی، ''نەچوونمان بۆ پەرلەمان بە واتای دوورکەوتنەوە لە گۆڕەپانی سیاسی نایەت، ئێمە حیزبێکی سیاسین و دەرفەتی سیاسیمان زۆرە، لە داهاتووشدا لە چالاکیی جیاجیای حیزبی بەردەوام دەبین''.
کۆمیسیۆن: هەر بەربژێرێک تاوەکو 30 رۆژ سوێند نەخوات، مافی ئەندامبوون لەدەست دەدات
بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: "دوای پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ پەرلەمان رادەسپێرێت بۆ ئەوەی یەکەم دانیشتن بکات، دوای ئەوەی بەربژێری سەرکەوتوو تەنیا 30 رۆژی لەبەردەمە بۆ ئەوەی سوێند بخوات، دوای ئەو ماوەیە مافەکەی لێ دەسەنرێتەوە و دەدرێتە بەربژێرێک لەدوای ئەو لە هەمان لیست کە دەرنەچووە."
لەبارەی جێگرتنەوەی ئەو بەربژێرە دەرچووانەی کە ناچنە پەرلەمان، ئامانج عەزیز بە رووداو گوت: "بە یاسای هەڵبژادن، پەیڕوەی نێوخۆی پەرلەمان و یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و دەبێ شیتەڵی یاساییان بۆ بکرێ."
بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: "ئەگەر کۆمەڵی دادگەری لە بڕیارەکەی پاشگەز نەبێتەوە، یەک یەک پەیوەندی بە بەربژێرە دەرنەچووەکانیانەوە دەکرێ بۆ ئەوەی جێیان پڕ بکەنەوە، ئەگەر ئەوانیش هەمان بڕیاریان هەبوو، ئەوکات شیتەڵە یاساییەکەیان بۆ دەکرێت."
دوو گریمانە بۆ جێگرتنەوەی ئەو بەربژێرانەی ناچنە پەرلەمان
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێ: "دوو گریمانە بۆ جێگرتنەوەی ئەو پەرلەمانتارانەی کۆمەڵی دادگەری هەن، یەکەمیان ئەوەیە کە خاوەن زۆرترین دەنگی دەرنەچوو جێیان بگرێتەوە، دووەمیش ئەوەیە کە بەربژێری ئەو حیزبانە سەربکەون کە دەنگی زۆری هێناوە و کورسی نەبردووەتەوە."
20ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. 30-10-2024 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکەی راگەیاند.
بەگوێرەی کۆمیسیۆن، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکەمی هەڵبژاردنەکە بووە، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 23 کورسی دووەمە و جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە 15 کورسی سێیەمی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە.
هەروەها یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، حەوت کورسی. رەوتی هەڵوێست چوار کورسی، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سێ کورسی، بەرەی گەل دوو کورسی و هەریەکە لە لە گۆڕان و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ