رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لیژنەی تایبەتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم دیاریکرد کە قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتیی دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەندامانی لیژنەکە پێکهاتوون لە: دەرباز کۆسرەت رەسوول، نزار ئامێدی، رێواس فایەق و رزگار حاجی حەمە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان براوەی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە و 23 کورسی بەدەستهێناوە. براوەی یەکەمیش پارتییە و 39 کورسی هەیە. سێیەمیش بۆ نەوەی نوێیە کە 15 کورسی بەدەستهێناوە.
بەرنامەی هێشتا ماویەتیی هیڤیدار ئەحمەد لەسەر پێکهێنانی کابینەی 10 ببینن
تاوەکو ئێستا ئاسۆی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دیار نییە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی هەفتەی رابردوو لە دیداری مێری رایگەیاند، حکومەت بەبێ پارتی و یەکێتی پێکنایێت.
رۆژی یەکشەممە وادەی کۆمیسیۆن بۆ تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کۆتاییهات. کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەقى 41 بڕیارى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى بڵاوکردەوە بۆ یەکلاییکردنەوەى 180 سکاڵا کە لەبارەى دەنگدانى تایبەت و گشتیى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کرابوون.
سکاڵاکان 146یان لە جۆرى رەنگى زەرد بوون و لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە رەتکراونەتەوە.
زۆرینەى ئەو سکاڵایانە لە بازنەى سلێمانى بوون، کە 73 سکاڵا بوون؛ 32یان لە هەولێر و 23یان لە هەڵەبجە تۆمار کراون؛ لە بازنەی دهۆکیش 18 سکاڵاى زەرد هەبوون.
بە گوتەى بەرپرسێکى کۆمیسیۆن، هیچ کام لەو سکاڵایانە ئەنجامى کۆتایی دەنگدانی نەگۆڕیوە.
تاوەکو ئێستا کۆمەڵی دادگەری رایگەیاندووە کە ئەنجامەکان رەتدەکەنەوە، بۆیە ناچنە پەرلەمانی کوردستان. ئەو حیزبە سێ کورسییان بەدەستهێنابوو. یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش کە خاوەنی حەوت کورسییە، رایگەیاندووە، بەشداری لە حکومەت ناکات و دەبێتە ئۆپۆزیسیۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ