دەرچوویێکی پۆلی 12 بە کۆنمرەی 98 داوای روونکردنەوە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات

04-11-2024
ڤەژین موراد
55 هەزار خوێندکار ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکان گەڕایەوە
55 هەزار خوێندکار ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکان گەڕایەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

خوێندکارێک بە کۆنمرەی 98 بە پارالێڵ لە بەشێکی پزیشکی لە زانکۆ وەرگیراوە، بەڵام دەڵێ خوێندکاری دیکە هەیە بە هەمان کۆنمرەی ئەو لە هەمان بەش ناوی گەڕاوەتەوە بەخۆڕایی بخوێنێت، بۆیە داوای روونکردنەوە دەکات.
 
خوێندکارێکی دیکە بەناوی نوور هەڤاڵ بە کۆنمرەی 99.3 توانی بەشی دڵخوازی خۆی بەدەستبهێنێت. ئەو دەڵێ "ئەنجامەکە بەو شێوەیە بوو کە دەمویست و لە سەرەتاوە بۆخۆمم دانابوو. هەستێکی زۆر خۆشە کە ماندووبوونەکەم بەفیڕۆ نەچوو و ئەنجامەکەم بە خۆشترین شێوە وەرگرتەوە."
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دا 3-11-2024، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەنجامەکانی زانکۆلاینی راگەیاند؛ رێژەی پێشکەشکردن بەراورد بە دوو ساڵی پێشوو، زیادی کردووە و لەنێو پێشکێشکارانیش 96٪ـیان وەرگیراون.
 
د. خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە رووداوی گوت "لەو کۆلێژانەی خواستی زۆریان لەسەرە، هەندێک کورسیمان زیاد کردووە، بەتایبەت لە کۆمەڵەی پزیشکی لە پزیشکی گشتی، پزیشکی ددان، دەرمانسازی و پەرستاری؛ کورسیمان بۆیان زیاد کردووە و رەنگە تەنها ئەمساڵ بتوانین زیاد بکەین، چونکە لەڕادەبەدەر زیاترە لە توانای زانکۆکان."
 
زیاتر لە 55 هەزار خوێندکار کە داواکاریان پێشکێش کردبوو بۆ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان، ئەجامەکانیان وەرگرتەوە. 
 
سامان ئیحسان، دەرچووی پۆلی 12 دەڵێ "ئەو بەشەی لێی وەرگیرام، خۆم دەمویست و ئامانجم بوو. سوپاسی خودای گەورە دەکەم. دەمەوێت داهێنان لەو بەشە بکەم کە لێی وەرگیراوم، کارێک بکەم کەس نەیکردبێت و یارمەتی خەڵک بدەم." 
 
ژیر فریاد، دەرچوویێکی دیکەی پۆلی 12 باسی ئەوە دەکات "زۆر لەمێژە حەزم لە زانستە. حەزم لەوەیە بزانم جەستەی مرۆڤ چۆن کار دەکات؛ تێکچوونەکان و چاکبوونەوەیان و بەشی پزیشکی ئەم بابەتانە لەگەڵ ژیان تێکەڵ دەکات و ئەمەش حەزی من بوو."
 
دەرچوویەکی دیکەی پۆلی 12 کە ناوی مەتینە لە بەشی پزیشکی گشتیی زانکۆی پزیشکیی هەولێر بە پارالێڵ ناوی گەڕاوەتەوە، سەرەڕای دڵخۆشیی، پرسیاری هەیە و داوای روونکردنەوە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات.
 
مەتین ماجید بە رووداوی گوت "دڵخۆشم کە لەم بەشە وەرگیراوم، بەشێکە هەر لە منداڵیەوەی خەونم پێوە دەبینی و زۆر دڵخۆشەر بوو بۆ دایک و باوکم. کێشەیەکیش هەیە دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم؛ من توانیم بە کۆنمرەی 98 پۆلی دوازدە تەواوبکەم، بەڵام من بە پارالێڵ وەرگیراوم لەکاتێکدا هاوڕێیەکم بە هەمان کۆنمرە بە خۆڕایی وەرگیراوە. داوای روونکردنەوە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکەین، چونکە قەیران لەنێوان خوێندکاران دروست بووە."
 
ئەمساڵ بۆ یەکەمجار خوێندکارانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان، توانیان لە رێگەی زانکۆلاینەوە داواکاری پێشکەش بکەن؛ لە کۆی هەزار و 353 خوێندکاریش 804ـیان وەرگیراون.
 
شاهۆ عەلی، دانیشتووی کەرکووکە و لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی زاخۆ وەرگیراوە. شاهۆ دەڵێ "داوام لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئەوەیە کورسی تایبەت ۆ خوێندکارانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان (دابین بکەن) و جیایان بکەنەوە لەگەڵ خوێندکارانی هەرێمی کوردستان."
 
ئەمساڵ 64 بەش خواستی کەمیان لەسەر بووە و کەمتر لە 10 خوێندکاریان لەخۆگرتووە، لەوانەش کۆلێژی کشتوکاڵ، مێژوو، فەلسەفە، ئامار و زانستە ئیسلامییەکان.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە