رووداو دیجیتاڵ
ئاکام چەند ساڵە لەنێو شاری مهاباد مریشک دەفرۆشێت. پێشتر رۆژانە تۆنێک مریشکی داوا دەکرد و بەشی زۆریشی دەفرۆشت، بەڵام ماوەیەکە 200- 300 کیلۆ داوا دەکات و هەمووشی بۆ نافرۆشرێت.
دوو هەفتەیە نرخی مریشک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و نرخی کیلۆیەکی لە دەورووبەری 80 هەزار تمەنەوە بەرزبووەتەوە بۆ سەرووی 100 هەزار تمەن.
لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی گرانبوونی نرخی گۆشتی سوور، خواست لەسەر مریشک زیاتر بوو، بەڵام لەم دۆخە ئابوورییەدا کە بەشی زۆری خەڵک بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان کێشەیان هەیە، بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەی، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ناچاریی خواست لەسەری.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ، لە پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێشتر رۆژانە 616 تۆن مریشک فرۆشراوە.
هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی کەمبوونەوەی فرۆشتنی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بە گوتەی مریشکفرۆش و هاونیشتمانییان، فرۆشتنی مریشک لەو ماوەیەدا و بەهۆی گرانبوونی، زیاتر لە 30٪ دابەزیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ